دانیشتنێکی دیکه‌ی دادگایی کردنی ده‌میرتاش له‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌ڕێوه ‌ده‌چێت

به‌شی تورکیا- ئێستا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ سێیه‌مین دانیشتنی دادگایی کردنی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP)‌ به‌ڕێوه ‌ده‌چێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دانیشتنه‌که‌ له‌ کاژێر 10:00ی به‌یانییه‌وه‌ له‌ هۆڵی به‌ندیخانه‌ی سینجان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌ستی پێکردوووه‌ و ده‌میرتاش خۆی له‌ دانیشتنه‌که‌دا به‌شداره‌ و دژی سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش 31 دۆسیه‌ کراونه‌ته‌وه‌.

شایانی باسه‌؛ ڕه‌نگه‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی دادگا کۆتایی نه‌یێت و پرۆسه‌ی دادگایی کردنه‌وه‌ بۆ سبه‌ش درێژ بکرێته‌وه‌. ئێستا له ‌به‌رده‌م گرتووخانه‌ی سینجان کۆمه‌ڵێک لایه‌نگر و ئه‌ندامان و په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ گرد بوونه‌ته‌وه.

له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا ده‌میرتاش له‌ په‌یامێکدا که‌ له‌ ھه‌ژماری خۆی له‌ تویته‌ر بڵاوی کردبوووه‌وه‌ ڕای‌گه‌یاندبوو چه‌ند لایه‌نێکی سیاسی ھه‌وڵ ده‌ده‌ن گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر دادگاکان تاوه‌کوو سزای توندی به ‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت و له‌ سیاسه‌ت دوور بخرێته‌وه‌.

شه‌وی 4-11-2016 هاوسه‌رۆکانی HDP واتا‌ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یۆکسکداغ و 10 په‌رله‌مانتاری دیکه‌ی پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP) ده‌ستگیر کران و تاوه‌کوو ئێستاش 9یان له‌ زینداندان.

ڕۆژی 16ی شوباتی ئه‌مساڵ دوای سێ ڕۆژ له‌ به‌ڕێوه‌چوونی دووهه‌‌مین دانیشتنی دادگایی کردنی ده‌میرتاش به‌ به‌شداریی زیاتر له‌ 50 پارێزه‌ر، دادگا بڕیاری دا ناوبراو له‌ زیندان بمێنێته‌وه‌ و دانیشتنه‌که‌شی بۆ ئه‌مڕۆ دوا خست.

به ‌گوێره‌ی ئه‌و سکاڵایانه‌ی له‌لایه‌ن داواکاری گشتی و لایه‌نه‌کان دژی ده‌میرتاش تۆمار کراون داوای سزای 486 ساڵ زیندانی كردن بۆ ده‌میرتاش ده‌كرێت و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر دوو له‌ سكاڵاكان داوای زیندانی هه‌تاهه‌تایی بۆ ده‌كرێت.

هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2015دا بۆ یه‌که‌م جار توانی به‌ربه‌ستی 10% بۆ گه‌یشتن به‌ په‌رله‌مان ببڕێت و 55 کورسی به‌ده‌ست بێنێت به‌ڵام تاوه‌کوو ئێستا مافی په‌رله‌مانتاری له‌ 9 په‌رله‌مانتاریان سه‌ندراوه‌ته‌وه‌ و هیچ که‌سێکیش نه‌چوووه‌ته‌ شوێنیان.

سه‌رچاوه‌: تۆڕی میدیاییی ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13208

Your Comment

You are replying to: .
captcha