کوردپرێس- "نەوەی نوێ" ناوی یەکێک لە ڕەوتە سیاسییە نوێکانی هەرێمی کوردستانە کە لە سەروبەندی پێکهێنانیدا دژایەتیی خۆی لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ڕاگەیاند.
دەقی لێدوانەکەی کوردپرێس لەگەڵ ڕابوون مەعرووف:
کوردپرێس- ئێوە وەکوو پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان نامەی دەست لە کار کشانەوەتان ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە هۆکاری ئەو بڕیارە بۆ چی دەگەڕێتەوە تا چ ڕادەیێک پێوەندیی بە بارۆدۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستانەوە هەیە؟
ڕابوون مەعرووف: لە ڕاستیدا من لە 20ی فێبریوێرییەوە نامەی دەست لە کار کێشانەوەم ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە، هۆکاری سەرەکیی ئەو دەست لە کار کێشانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە من لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا لەسەر لیستی گۆڕان کاندید بووم ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان بووم بەڵام بە هۆی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان کە مەسعوود بارزانی سەرپەرشتی دەکرد و هەموو حیزبەکان بە فۆرمێک لە فۆرمەکان پشتگیرییان لێکرد سێ ئاراستە لە ناو بزووتنەوەی گۆڕان سەری هەڵدا من سەرکردایەتیی ئاراستەیێکم دەکرد کە دژایەتیمان هەبوو لەگەڵ ئەو ڕیفراندۆمە و پێمان وابوو کە دەبێت خەڵکی کوردستان بە ڕاشکاوی دژایەتیی ئەو ڕیفراندۆمە بکات چوونکە خەسارەکان بۆ خەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوە، بەڵام ئاڕاستەی زۆرینە لە بزووتنەوەی گۆڕان بیرێکی پێچەوانەیان هەبوو ئەوە بوو ئێمە کەوتینە دەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و فراکسیۆنی گۆڕان، بۆ ڕێز گرتن لە عورف و ڕێز لەو دەنگدەرانەی کە منیان وەکوو ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان هەڵبژاردبوو هەرچەندە مافی یاساییمان هەیە کە بەردەوام بین لە پەرلەمانی کوردستان بەڵام من دەستم لە کێشایەوە چوونکە نامەوەێ بە ناوێکی تر و لە فراکسیۆنێکی تر لە پەرلەمانی کوردستان بەردەوام بم.
کوردپرێس- وەکوو ئەو پێشبینیانەی کە ئێوە پێشتر لە لێدوانەکان لەگەڵ کوردپرێس هەبووتان سەبارەت بە ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم دەبینین کە ساحەی سیاسیی هەرێمی کوردستان هێزی و لایەنی نوێ بە خۆوە دەبینێت، ئەم بارودۆخە چۆن هەڵدەسەنگێنن ؟ ئێوە لە نزیکەوە ئاگادارن ئایا پێشبینیی گۆڕانکارییێک پاش هەڵبژاردنەکان بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان دەکەن؟
لە دیدی منەوە بۆ یەکەمین جارە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەسەڵاتەکەیان پشتگیریی ئەوتۆی نێودەوڵەتییان نەماوە، پشتگیریی ئەوتۆی هەرێمایەتییان نەماوە، پشتگیرییان لە لایەن بەغداوە نەماوە و هەروەها پشتگیریی شەعبییان نەماوە ئەم دوو هێزە ئێستا بۆ یەکەمین جارە دەترسن بە کردەوە لە هەڵبژاردنەکاندا ئەگەر ڕێی تەزویریان لێبگیردرێت بۆ یەکەمین جار ببن بە کەمینە لە نێو حیزبەکانی هەرێمی کوردستان. ئەمە سەرەڕای سەرهەڵدانی چەند قائیمەیێکی تر لەوانە "نەوەی نوێ" کە توانایان هەیە کێبەرکێی جیدی بکەن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا. ئاڕاستەیێکی بەهێز هەیە بەو ئیعتیبارەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوو هێزن، هێزە چەکدارەکانیان بە یاسایی ڕێک ناخەن و نایکەن بە هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو لە چوارچێوەی یاسادا، هێزی ئاسایشی سەربە حیزبیان هەیە هێزی موخابەراتیی سەربە حیزبیان هەیە دامودەزگاکانی حکوومەتیان داگیر کردووە بۆ حیزب، ئەمانە ڕێگە نادەن کە دامودەزگا و موئەسسەی دەوڵەتیی یاسایی دروست ببێت بۆیە ئاڕاستەیێک دروست بووە کە بەغدا یەکێتی و پارتی بەشداریی پێنەکرێن لە حکوومەت و ئەگەر ئەم ئاڕاستەیە سەرکەوتوو بێت ئەمە کاریگەر دەکاتە سەر ڕێکخستنەوەی یاسای دامودەزگاکان لە هەرێمی کوردستان، بۆیە بە دێنیاییەوە ئەگەر خەڵکی کوردستان بە زۆرینە متمانە لە یەکێتی و پارتی بسێننەوە دەرگای گۆڕانکاریی گەورە لە ڕێگەی یاسا و هەڵبژاردنەوە دەکرێتەوە.
کوردپرێس- ئاماژەتان بە هێزی چەکدار دا، هەروەها جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵاتی ئابووری، سیاسی و چەکداری لە دەستی ئەم دوو هێزەدایە بەو عەقڵیەتەوە کە ئێوە شارەزایی باشتان لەسەری هەیە پێتان وایە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانیشدا ئەم دوو هێزە سەرنەکەون، پێتان وایە لە دەسەڵاتدا گۆڕانکاریی بکرێت؟
لە ڕاستیدا ئێمە دان بەودا دەنین کە بارودۆخی کوردستان، بارودۆخێکی ناهەموارە پارتی و یەکێتی لە 27 ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتێکی عەجیب و غەریب و ناجۆریان دروست کردووە و هیچ دامودەزگایێکی بتۆ و بەهێزی یاسایی و نیشتمانیمان نییە لە هەرێمی کوردستان کە لە سەرانسەری کوردستان بە یاسا بەڕێوە بچێت و حوکم بکات هەردوو حیزبەکە هێزی چەکداری خۆیان هەیە تەنانەت هەندێک کاراکتێری بەهێز لە ناو پارتی یەکێتی هەیە کە دەسەڵاتی تایبەت بەخۆیان هەیە، هێزی ئاسایشەکان سەربە دوو بنەماڵەکەن، دەزگای موخابەراتەکان سەربە دوو بنەماڵەکەن و بەو شێوەیە شۆڕ بوەتەوە بۆ هەموو دامودەزگاکانی حکوومەت. ئێمە لە ناجری و ناهەمواریی ئەم بارودۆخە تێدەگەین، بەڵام بۆ گۆڕانکاری لە بارودۆخی ئێستادا ئێمە دوو ڕێگەمان لە پێشە: یان تەمەڕۆدی موسەلەح یان ڕێکاری یاسایی و مەدەنی و هەڵبژاردنەکان. ئێمە ڕێگەی دووهەممان هەڵبژاردووە پێمان وایە ئەم ڕێگایە هەرچەندە لەسەر خۆیە سەبری دەوێت بەڵام پێمان وایە ئەمە دواجار بە قازانجی خەڵکی کوردستان دەشکێتەوە و تەجروبەکانی دونیا و تەجرووبە مێژووییەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆر وەکوو ئەمریکای لاتین لە ئەفریقا لە باشووری ئاسیا ئەوەمان پێدەڵێن کە دەتواندرێت دەسەڵاتێکی ناهەمواری وەک ئێستا کۆتایی پێبێت و ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی بەسەردا بێت دیموکراسی دابمەزێندرێ لە ڕێگەی یاسایی خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و هەڵبژاردنەوە بەڵام پشوودرێژیی دەوێت.
کوردپرێس- پەرلەمانی کوردستان چەند ڕۆژ پێش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کرایەوە، کارنامەی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی کرانەوەی پێش ڕیفراندۆم تا ئێستا چۆن دەبینن؟
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە پەرلەمانی کوردستان بە ڕێککەوتنی نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان چالاکیی نوێی خۆی دەست پێکردەوە. ئەو پەرلەمانە ناتوانێت خۆ لە سیاسەتەکانی یەکێتی و پارتی دوور بکاتەوە. بەو هۆیەوە بە ڕای من ئەو پەرلەمانە ناتوانێت وەڵامدەری داخوازییەکانی هاووڵاتییان بێت. ئەو پەرلەمانە ناتوانێت وەکوو هێزێکی کاریگەر و چاودێر، چاودێریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات و گوشاری لەسەر بخات و بەرگریی لە مافەکانی هاووڵاتییان بکات.
کوردپرێس- پێش بینیی ئێوە بۆ دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی داهاتووی عێراق و پێگەی کوردەکان پاش ئەو هەڵبژاردنە چییە؟
کوردەکان لە عێراقدا لە چاو برا عەرەبەکانماندا کەمینەن و کورسییە کوردییەکانیش لە پەرلەمانی عێراق پیشاندەری ئەو جیاوازییەیە و وەکوو هەمیشە لە پەرلەمانی عێراقدا ئێمە کەمینە دەبین. بەڵام باوڕی من ئەوەیە کە ئەم ڕوانگەیە خوێندنەوەیێکی تائیفی و ئیتنیک خوازانەیە و پێشترێش لە عێراق ئەزموونی ئەوەمان هەبووە و ئەو بیرۆکەیە عێراقی تووشی ماڵ وێرانیی زۆر کردووە ئێمە دەبێت لەم چەشنە سیاسەتە دوور کەوینەوە. دەبێت لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا هەموو ئەتنیک و هۆزەکان وەکوو میللەتێک مافی خۆیان هەبێت و سیاسەتەکانی ئێمەش نەتەوەیی بێت و کورد و عەرەب و شیعە و سوننە و مەسێحی و هەموو بگرێتەوە.
دیمانه: حهسهن ساڵحی
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment