به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شاندی ھه‌ده‌په له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌کانیان بۆ لای لایه‌نه سیاسیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێیان کرد له سلێمانی و له کۆبوونهوهیێکیشدا ڕه‌وشی هه‌رێمی کوردستانیان خسته به‌ر باس و لێکدانه‌وه.
ئه‌ندامانى شانده‌که پێکهاتبوون له هه‌ریه‌که له په‌رله‌مانتارانى هه‌ده‌په واتا فه‌له‌کناس ئۆجا، عوسمان بایده‌میر، ئیمام تاشچیئه‌ر، به‌ردان ئۆزتورک و له‌لایه‌ن شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆکى جووڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ و ژماره‌یێک له ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى باڵاى جووڵانه‌وه‌که‌وه پێشوازییان لێ‌کرا.
له گفتوگۆکانیاندا شاسوار عه‌بدولواحید ڕایگه‌یاند: باشترین چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌کانى تورکیا گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ئاشتى و مێزى گفتوگۆ نه‌ک ته‌نها چاره‌سه‌ره بۆ تورکیا به‌ڵکوو بۆ هه‌موو ناوچه‌که.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه کرد که جووڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ کارى به‌رده‌وام ده‌کات بۆ پێکه‌وه‌ژیان و کارکردن له به‌غدا بۆ به‌هێزکردنى پێگه‌ى هه‌رێمى کوردستان هه‌روه‌ک چۆن هه‌ده‌په به هه‌مان شێوه کار ده‌کات.
به‌شێکی گفتوگۆکان له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی بوو که شانده‌که‌ی ھه‌ده‌په و جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ باسیان له‌وه کردوووه که به‌ھێزکردنی پێگه‌ی کورده‌کان له چوار وڵاتی ئێران، تورکیا، سووریا و عێراق و پشتیوانی کردنی یه‌کتری له کاتی ھه‌ر مه‌ترسیێک له‌سه‌ر کورد ھه‌نگاوێکی گه‌وره‌یه و ھاوشێوه‌ی به‌ستنی کۆنگره‌ش گرنگیی خۆی ھه‌یه.
شایانی باسه؛ له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌وه وه‌فدی ھه‌ده‌په به سه‌رۆکایه‌تیی په‌روین بوڵدان ھاوسه‌رۆکی ھه‌ده‌په و به‌شێک له په‌رله‌مانتارانی ئه‌و پارته له هه‌رێمى کوردستانن و له‌گه‌ڵ حکوومه‌ت و لایه‌نه سیاسییه‌کاندا کۆ بوونه‌وه.
سه‌رچاوه: ئێن ئاڕتی
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment