به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پاش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی سێشه‌ممه 10/4/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له مه‌كسیم مهكسیمۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا له عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه له ڤیكتۆر سیماكۆڤ كونسووڵی گشتیی ڕووسیا له هه‌ولێر، مه‌ند ئه‌ندرێ سیلین ڕاوێژكاری باڵیۆزخانه‌ی ڕووسیا، سێرگێ پترۆڤ سه‌رۆكی كۆمپانیای گازپرۆم نه‌فت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئۆلیگ بلیگن به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی هه‌ولێری گازپرۆم پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا سه‌ره‌تا شاندی میوان پرسه و سه‌ره‌خۆشیی خۆیان و حكوومه‌تی ڕووسیایان به به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند بۆ كۆچی دواییی خوالێخۆشبوو دلۆڤان ئیدریس بارزانیی برایان و دواتر باسیان له په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و مۆسكۆ كرد و ئاماده‌ییی خۆیان بۆ بره‌ودانى زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا نیشان دا و ده‌ستخۆشیشیان له پێشوه‌چوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرد.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م سه‌ردانه و پێشكه‌ش كردنی پرسه و سه‌ره‌خۆشی، سوپاسی شاندی میوان كرد و ئاماژه‌ی به‌وه دا كه حكوومه‌ت و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان گرنگییێكی زۆر به په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌ده‌ن و ئاماده‌ییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕی به تایبه‌تی له بواری ئابووریدا هه‌موو ئاسانكارییێكیشی بۆ سه‌رمایه‌دارانی ڕووسی نیشان دا تاكوو وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
تاوتوێ كردنی بارودۆخی ناوچه‌كه به گشتی و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به ڕه‌وشی عێراقه‌وه لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی پارتی دیموکراتی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment