زیادبوونی ڕاپۆرتی نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان لە سەر چارەنووسی نادیاری داهاتی نەوت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیێنێت، تا ئێستا 100 داوای یاسایی لەسەر سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی و وەزیری سامانە سروشتییەكان تۆماركردووە و كەسیان نەهاتوونەتە بەردەم دادگا، دەشڵێت، "250 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت نادیارە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حەمە ساڵح لەمیانی بەشداری كردنی لە پەخشی هەواڵەكانی كەناڵی خەندان ڕایگەیاند، "هەرێمی كوردستان لە ئێستادا رۆژانە 325 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێ ئەمە تەنیا لە ڕێگەی بۆرییەوە، ئەگەر هەر بەرمیلێک 50 دۆلار بخوێنێتەوە، داهاتەكەی نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار دەكات، جگە لەوەش كە 35 هەزار بەرمیلی دیكە دەفرۆشرێت لە ڕێگەی پاڵاوتن و تەنكەرەوە، کە داهاتەکەی زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلارە، هەموو داهاتەکە پێکەوە دەكاتە زیاتر لە 550 ملیۆن دۆلار، لەم بڕە پارەیە 300 ملیۆن دۆلاری دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، كەواتا 250 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت نادیارە".

ئاماژەی بەوەش كرد "ئاشكرایە ئەوەی كەرتی نەوت بەڕێوە دەبات سەرۆكی حكوومەت و وەزیری سامانە سروشتییەكانە و قوباد تاڵەبانیش شەریک و بەشدارێكی لاوازە لە گەڵیاندا".

عەلی حەمە ساڵح وتیشی: هەرچەند ئێمە وەک پەرلەمانتاران لەسەر قەرزەكان و خەرجییەكان و هەموو بەڵگەكانمان كۆ كردووەتەوە، داوامان كردووە سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی و ئاشتی هەورامی بێنە پەرلەمان بەڵام تا ئێستا نەهاتوون و ئامادە نین بێنە پەرلەمان".

ناوبراو ڕوونیشی كردەوە تا ئێستا 100 داوای یاساییم لەسەر سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی و وەزیری سامانە سروشتیەكان تۆمار كردووە، كە پەیوەندی بە سەدان ملیۆن دۆلارەوە هەیە كەس لەوان ئامادە نەبوون بێنە بەردەم دادگا".

عەلی حەمە ساڵح ئەوەشی خستەڕوو، "لە ئێستا بەدواوە بەرپرسیارێتییەكە لە ئەستۆی خەڵكی كوردستاندایە، گەر لەم هەڵبژاردنەی دێتە پێشەوە دەنگ بەوانە نەدەن كە 27 ساڵە زوڵم و ستەمییان لێ دەكەن، قۆناغێكی گەورە لە گۆڕانكاری دەچینە پێشەوە".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 13148

Your Comment

You are replying to: .
captcha