به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا یه‌که‌مین کۆمه‌ڵه‌ی "ژیانی یه‌کسان له دۆخی یه‌کسان"ی له مێرسین به‌ڕێوه برد و له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا ئهحدهم ئۆزه‌ر سیاسه‌توانێکی کوردی تورکیا و ئه‌ندامی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان ئاماده بوو.
یێڵدرم کایا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندیی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا که له وتهدهرانی ئه‌و ڕێوڕه‌سمه بوو له لێدوانێکدا ئاماژه‌ی به‌وه کرد که گرینگ‌ترین پرسی تورکیا پرسی کورده‌کانی ئه‌و وڵاته‌یه و ڕایگه‌یاند: مێژوو به خراپترین شێوه به ئێمه‌ی نیشان داوه که پرسی کورده‌کانی تورکیا به شێوازی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر نه‌کراوه و چاره‌سه‌ر ناکرێت. به بێ ئه‌وه‌ی کات به‌فیڕۆ بچێت ده‌بێ هه‌رچی زووتر دانووستانه‌کانی ئاشتی ده‌ست پێبکه‌ینه‌وه به‌ڵام له سێبه‌ری چه‌ک ناکرێت له‌باره‌ی ئاشتییه‌وه قسه بکرێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دانووستانیش بکرێت له ده‌رئه‌نجامدا ئاشتی نایێته‌دی. له سه‌ره‌تادا ده‌بێ PKK چه‌ک دابنێت. پرسی کورده‌کان نه‌ک ته‌نها به چه‌ک به‌ڵکوو به ڕێککه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی و به ئاماده بوونی تێکڕای پارته سیاسییه‌کانی په‌رله‌مانی تورکیا چاره‌سه‌ر ده‌کرێت. پڕۆسهیێک که له خه‌ڵک بشاردرێته‌وه هیچ ڕێگهچارێکی هه‌میشه‌یی نابێت.
ناوبراو له درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا وتیشی: له سه‌رده‌می حکوومه‌تی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا هیچ که‌سێک به بۆنه‌ی شوناسییه‌وه سزا نادرێت. هه‌ڵاوارده‌یی ئه‌نجام نادرێت. هه‌ر مرۆڤێک ئازادانه به زمانی زگماکی قسان ده‌کات. تێکڕای له‌مپه‌ڕه‌کانی به‌رده‌م فێرکردن به زمانی زگماکی له‌ناو ده‌چێت. له جیاتی زیندان کارخانه داده‌مه‌زرێنین.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ینی ئاکیت
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment