تورکیا به‌رپرسی هه‌ر جۆره‌ پێشێل کردنی مافی مرۆڤ له‌ عه‌فرینه‌

به‌شی سووریا- ئیبراهیم بیرۆ به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) له‌ لێدوانێکدا باس له‌ پرسی عه‌فرین ده‌کات و ده‌ڵێت: تورکیا به‌رپرسی هه‌ر جۆره‌ پێشێل کردنی مافی مرۆڤ له‌ عه‌فرینه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئیبراهیم بیرۆ به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: تورکیا به‌رپرسی هه‌ر جۆره‌ پێشێل کردنی مافی مرۆڤ له‌ عه‌فرینه‌. به‌ دوای هێرشه‌کانی سوپای تورکیا پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و خه‌سارێکی زۆر گه‌وره‌ له‌ عه‌فرین درا. ئێمه‌ وه‌کوو ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردی سووریا له‌وباره‌یه‌وه‌ دانووستانمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و به‌ریتانیا ئه‌نجام دا. ئه‌مڕۆ له‌ جیاتی ئێمه‌ تورکیا له‌ عه‌فریندایه‌ و هه‌ر جۆره‌ خه‌سار له‌و شاره‌ وه‌ئه‌ستۆی تورکیایه‌. تێکرای ئه‌و به‌ڵگانه‌ی که‌ له‌باره‌ی پێشێلکارییه‌کان له‌ عه‌فرین به‌ ده‌ست ئێمه‌ گه‌یشتوووه‌ ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ست تێکڕای ده‌وڵه‌تانی جیهان و تورکیا.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا جه‌ختی کرده‌وه‌: بۆ ڕێگری له‌ گۆڕینی پێکهاته‌ی حه‌شیمه‌تی عه‌فرین خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌ ده‌بێ هه‌رچی زووتر بۆ خانوووه‌کانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌. نابێت ئیزن بدرێت بیانییه‌کان ده‌ست به‌ سه‌ر خانوو، زه‌وی و زار و گونده‌کانیان دابگرن، تورکیا وه‌کوو هێزێکی بیانی به‌ بێ داواکاریی ئێمه‌ چوووه‌ته‌ ناو عه‌فرین. تێکڕای هێزه‌ بیانییه‌کان ده‌بێ عه‌فرین به‌جێ بێڵن.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی باڵای ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردی سووریا ڕوونی ده‌کاته‌وه‌: پێش له‌ چوونی هێزه‌کانی سوپای تورکیا و سوپای ئازادی سووریا بۆ عه‌فرین به‌شێکی زۆر له‌ خه‌ڵکی کورد به‌ بۆنه‌ی داپه‌ڕی ئایدیۆلۆژیکی پارتی یه‌کێتیی دیموکراتیکی سووریا (PYD) شاره‌که‌یان به‌جێ هێشتبوو. خه‌ڵکانێک که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی عه‌فرین هاتبوونه‌ ناو ئه‌و شاره‌ له‌و ناوچه‌یه‌ نێشته‌جێ کران. له‌و کاته‌ که‌ کورده‌کان ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌کانی خۆیانیان به‌ده‌سته‌وه‌ گرت ده‌بێ به‌رپرسانی ته‌ڤگه‌ری کۆمه‌ڵگای دیموکراتیکی کوردی سووریا (TEV-DEM) به‌ بۆنه‌ی سزاکانیان ڕاده‌ستی دادگه‌ بکه‌ن.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی زه‌رنیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13112

Your Comment

You are replying to: .
captcha