بهپێی ههواڵی کوردپرێس، شاندەکەی هەدەپە کاژێر 00:30 خولەکی بەرەبەیانیی شەممە 7-4-2018 لە ئیستەنبوڵەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت که لە پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە و سێ پەرلەمانتاری پارتەکە: فەلەکناس ئوجا، ئیمام تاشچیئەر و عوسمان بایدەمیر پێکدێت.
کەمال ئاڤچی، پەیامنێری تۆڕی میدیاییی رووداو لە ئەنقەرە رایگەیاند: دواتر شاندەکە لەکاژێر 3:00-ی بەرەبەیان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن مەحموود محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، عەلی حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییەکان و ئەحمەد کانی بەرپرسی لقی 2ی پارتی و هەروەها ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی کوردستان پێشوازییان لێکرا.
یەکەم دیداری شاندەکەی هەدەپە رۆژی شەممە 7ی نیسانی 2018 لەگەڵ مەسعوود بارزانی دەبێت. دواتریش کاژێر 15:00 لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.
هەروەها رۆژی یەکشەممە 8ی نیسانی 2018، هاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی هەدەپە لەگەڵ حیزبی شیووعی، یەکگرتووی ئیسلامی، زەحمەتکێشان و کۆمەڵی ئیسلامی کۆ دەبنەوە.
رۆژی دووشەممە شاندەکەی هەدەپە دەچێتە سلێمانی و لەگەڵ هەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و تەڤگەری ئازادی کۆ دەبێتەوە.
پەیامنێری ڕووداو دەڵێ: لە دیدارەکاندا باس لە دۆخی کورد لە ئێران، تورکیا، سووریا و عێراق و ئۆپەراسیۆنی سەر عەفرین و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە دەکرێت و چەند پرسێکی دیکەش دەخرێنە بەر باس.
ئایهان بیلگەن، گوتەبێژی هەدەپە لە کاتی ئاشکراکردنی هەواڵەکهدا بە پێویستی زانی هاوئاهەنگی لە نێوان هەدەپە و پارتە کوردستانییەکاندا زیاتر بکرێت.
دواتر عەلی ئاتڵانم، پەلەمانتاری هەدەپە بە رووداوی راگەیاند: پارتەکەیان بە رۆحێکی کوردانەوە چالاکی دەکات و بە باشی دەزانێت بۆ یەکدەنگیی کورد نێوەندگیریی نێوان لایەنەکان بکات.
دوای ئەنجامدانی دیدارەکان، شاندەکەی هەدەپە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 9ی نیسان لە هەولێرەوە دەگەڕێتەوە تورکیا.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment