بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تورکیا پاش داگیر کردنی ناوچەی کوردنشینی عەفرین لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا، هەڕەشەی کردووە کوردەکان لە دیکەی شارە کوردەکانی سووریاش وەکوو مەنبج، قامیشلۆ، سری کانی و کۆبانێ دەبێت بچنە دەرەوە. بەڵام کارناسانی پرسی تورکیا دانیان بەوەدا ناوە کە بوونی هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکاندا ڕۆڵێکی گرینگی لە وەستاندنی پێشڕەوییەکانی تورکیا بووە. بەم حاڵەشەوە وتەکانی ئەم دواییەی ترەمپ لەبارەی چوونەدەرەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا، داهاتووی هاوپەیمانیی نێوان کوردەکان و ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە ڕۆژنامەی گاردیەنی وتووە ئێمە لە دۆخێکداین کە 2200 کەس لە هێزەکانی داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەن و ئێمە هێزی پێویستمان بۆ بەرەنگار بوونەوە هەمبەر ئەو هێزانە نییە. ئێمە دەبێت لە سەر هاوپەیمانیی نێوان خۆمان و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک کە لە کورد و عەرەب پێکهاتوون تەکید بکەین و هاوکات نیگەرانیی تورکیا لە بەرچاو بگرین.
بەڵام سەرکردە کوردەکانیش کە مانگی ڕابردوو خۆیان هەمبەر تورکیا بە تەنها بینی، ئێستا لە سەر درێژەدان بە هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا دوودڵن.
یەکێک لە سەرکردە کوردەکانی سووریا بە ڕۆژنامەی گاردیەن دەڵێت: "ئەوان داوا لە ئێمە دەکەن ئەوەی کە بۆیان گرینگە جێبەجێی بکەین بەڵام خۆیان بە داخوازییەکانی ئێمەوە سەرقاڵ ناکەن. با ئەوان بۆ خۆیان شەڕی داعش بکەن ئێمەش بۆ خۆمان شەڕ دەکەین. لە ڕاستیدا ئەوان دەزانن چی دەکەن؟".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment