بهپێی ههواڵی کوردپرێس، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: هەفتەی رابردوو وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی کەریم شنگالی لەگەڵ دوو شاندی باڵای ئەمریکا و بەریتانیا بەجیا کۆ بۆتەوە. لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ دەربارەی هەلومەرجی ئەمنی بە شێوازێکی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "ئێمە و لایەنی هاوپەیمانان لەو کۆبوونەوانە تەئکیدمان لەسەر ئەوە کردەوە کە هەلومەرجی ئاسایشی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات. واقیعیش ئەوەی سەلماندوووە کە ڕۆژانە کردەی تیرۆریستی لە کەرکووک، ناوچەکانی دیالە، سەلاحەدین و خورماتوو ڕوو دەدات، داعش دەستی کردوووە بە جموجۆڵ لەو ناوچانە، رۆژانە خەڵک دەڕفێنێت و دەکوژێ. وایلێهاتووە ئێستا رێگای کەرکووک - بەغدا و دیالە - بەغدا لە ئێوارەوە دادەخرێت، رۆژانە بە دەیان کەس لەسەر ئەو رێگایانە دەکوژرێن".
جەبار یاوەر ئاماژە بەوە دەکات ئەو رووداوانە وای کردوووە کە "هاوپەیمانان داوا بکەن جارێکی دیکە پرۆسەی کاری ئەمنی هاوبەش لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پەیڕەو بکەینەوە کە لە 2011 تا وەکوو 2014 هەمان بوو لە دیالە، کەرکووک و مووسڵ کە بنکەی هاوئاهەنگی هاوبەشمان هەبوو بازگە و هێزی هاوبەش و ئۆپەراسیۆن و دەوریاتی هاوبەشمان لەگەڵ هێزە عێراقییەکان هەبوو".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاند: "وەکوو وەزارەت، جەنابی وەزیر ئامادەیی دەربڕی بۆ ئەوەی پرۆسەکە دەستپێبکاتەوە و زیندوو بکرێتەوە، ماوەتەوە لایەنی هاوپەیمانان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ قسە بکەن بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە دەستپێبکاتەوە".
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment