بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەگەری هێرشی تورکیا بۆسەر شەنگال بە بیانووی بەرنگار بوونەوەی پەکەکە ڕووی لە زیاد بوونە و حەیدەر شەشۆ ڕێبەری پارتی دیموکراتی ئێزدییەکانی عێراق کە پاش هێرشی داعش دامەزراوە بە توندی ڕەخنە لە ئاکاری پارتی کرێکارانی کوردستان لە شەنگال دەگرێت.
شەشۆ لە لێدوانێک بۆ ڕادیۆ دەنگی کوردیی ئەمریکا لەمبارەوە وتی: دانیشتوانی شەنگال لەم مانگانەی دواییدا لە پەکەکە وەڕەز ببوون چوونکە بە سەدان کچ و کوڕی مێرمنداڵی ١٠ تا ١٢ ساڵەی ئێزدی لەلایەن پەکەکەوە چەکدار کرابوون و خەڵکی دانیشتووی خانسوور باسیان لە تاڵان بوونی ماڵ و سامانیان دەکرد.
ناوبەراو وێڕای ئەوەی پەکەکەی بەوە تۆمەتبار کرد کە بۆتە لەمپەرێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شەنگال و نۆژەن کردنەوەی ناوچەکە وتیشی: ئێمە نامانهەوێت شەنگالیش بە دەردی عەفرین بچێت و ئێستا پەکەکە بۆتە بیانووی سەرەکی بۆ تورکیا کە هێرش بکاتە سەر شەنگال. ئەگەر بێت و ئامانجی تورکیا داگیر کردنی شەنگال بێت ئەوا ئێمە ڕووبەڕووی دەوەستینەوە.
ڕێبەری پارتی دیموکراتی ئێزدییەکانی عێراق ڕاشیگەیاند: بەڵام ئەگەر ئامانجی تورکیا تەنیا بەرنگاربوونەوە و شەڕ لەگەڵ پەکەکە بێت و هیچ خەسارێک بۆ دانیشتوانی ناوچەکە نەبێت و شەنگالیش وەکو عەفرین داگیر نەکات ئەوا ئێمەش دژی ناوەستینەوە. ئەگەرچی پێشهاتنی ئەو دۆخەمان پێ خۆش نابێت بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە پەکەکە پارتێکی دژ بە تورکیایە.
حەیدەر شەشۆ لەبارەی چۆڵ کردنی شەنگال لەلایەن پەکەکەوە وتی: پەکەکە لە ڕێگای بەیاننامەیێکی فەرمییەوە ڕایگەیاند کە شەنگالی چۆڵ کردووە بەڵام یەکینەکانی پاراستنی شەنگال هێشتاکە ماون چوونکە بریتی لە خەڵکی ناوچەکەن و ئێستاش بە فەرمی بەشێکن لە حەشدی شەعبی.
شیاوی ئاماژەیە حەیدەر شەشۆ پاش هێرشی داعش بۆسەر شەنگال پارتی دیموکراتی ئێزدییەکانی عێراقی دامەزراند و ئێستا بۆخۆی ڕێبەری ئەو پارتەیە.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment