پێشێل کردنی سەروەریی سووریا هیچ پاساوێکی نییە

بەشی تورکیا- محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران پاشنیوەڕۆی ئەوڕۆ لە فڕۆکەخانەی ئەنقەرە لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێران باسی لەوە کرد هیچ پاساوێک بۆ بەزاندنی سنووری سووریا و پێشێل کردنی سەروەریی ئەو وڵاتە قبووڵ ناکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دوانیوەڕۆی ئەوڕۆ بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی سەرۆکانی دەرەوەی ئێران، ڕووسیا و تورکیا گەیشتە فڕۆکەخانەی ئەنقەرە و لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێران وتی: لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگای دانیشتنەکانی ئەستانەوە توانیومانە نائارامییەکانی سووریا کەم بکەینەوە بەڵام گرینگ ئەوەیە ئەو ڕەوتە بەرەو پرۆسەیێکی سیاسی بچێت. دانیشتنی سووچی دەسپێکی ڕەوتێکی سیاسی لە سووریادایە و هیوادارین بە وریاییەوە هەموو هەوڵەکای ئەم بوارە بەدواداچوونیان بۆ بکرێت. ئێستاش لە ئەنقەرە لەسەر گرینگایەتیی سەروەریی خاکی سووریا و بەڵێنی هەرسێ وڵات بۆ شوێنگریی ڕەوتی سیاسی و دۆخی مرۆیی لە سووریا و چارەسەری قەیرانەکان باس دەکرێت.

لە درێژەی وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە لەم ماوەیەدا هەندێک گۆڕانکاری لە سووریادا هاتۆتە ئاراوە و یەکێکیان دابەزینی ڕۆڵی تیرۆریستەکان لەو وڵاتەیە. لەم ماوەیەدا هەلی ئەوە ڕەخساوە ژمارەیێک لە بەشە گرینگەکانی خاکی سووریا بەتایبەت نزیک لە دیمەشقی پێتەختی ئەو وڵاتە لە تیرۆریستان پاک بکرێتەوە و گرینگ ئەوەیە ئەم کارە بە کەمترین خەسار بۆ خەڵکی ناوچەکان درێژەی هەبێت. لە دیکەی گۆڕانکارییەکان ئامادەبوونی ئەمریکایە کە بۆتە هۆکاری وەدیهاتنی کەلێنی ئەتنیکی لە ناو سووریا و کارتێکەریی نەرێنیی لە ناوچەکەدا بووە. سیاسەتە کورت بینانەکانی ئەمریکا دژ بە بەرژەوەندیی ناوچەکەیە و ئێمەش جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە پێشێل کردنی سەروەریی خاکی سووریا بە هیچ پاساوێکەوە قبووڵ ناکرێت هەڵبەت ئاگاشمان لەوە هەیە جووڵەکانی ئەمریکا و قۆستنەوەی هەلی ناکۆکیی ئەتنیکی لە ناوچەکە زۆر جێگای نیگەرانییە و دیسانەوە پێداگرین لەسەر ئەوەی کە باشترین ڕێگا بۆ بەرنگار بوونەوەی ئەم حاڵەتە بەهێز کردن و پشتیوانی لە سەروەریی خاکی سووریایە.

سەرچاوە: هەواڵدەریی دۆغان

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 12987

Your Comment

You are replying to: .
captcha