سیانزه‌ به‌ده‌ر ده‌سپێکی ژیانێکی نوێ و ساڵێکی نوێیه‌/ نامێق هه‌ورامی

به‌شی یادداشت/ فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی هه‌رێمی کوردستان له‌ یادداشتێکدا له‌باره‌ی سیانزه‌ به‌ده‌ر له‌ لای زاگرۆس نشینان ده‌نووسێت: سیانزه‌ به‌ده‌ر ده‌سپێکی ژیانێکی نوێ و ساڵێکی نوێیه‌.

کوردپرێس- نامێق هه‌ورامی به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی هه‌رێمی کوردستان له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووکدا یادداشتێکی بڵاو کردۆته‌وه و له‌و یادداشته‌دا ڕیشه‌ی ڕۆژی که‌لتووریی سیانزه‌ به‌ده‌ر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئایینی میترا و هێماکانی ئه‌و ئایینه‌.

ده‌قی یادداشته‌که‌ لێره‌ ببینه‌:

زاگرۆس نشینان ساڵانه‌ له‌ سێزده‌هه‌مین ڕۆژی نه‌ورۆزدا جه‌ژنیان گێڕاوه‌ و به‌م جه‌ژنه‌ گوتراوه‌ سیانزه‌ به‌ده‌ر که‌ ڕیشه‌که‌ی بریتییه‌ له‌ ده‌سپێکی ژیانێکی نوێ و ساڵێکی نوێ، له‌ دوای دوانزه‌ ڕۆژ که‌ هێمایه‌ بۆ دوانزه‌ مانگی ساڵ و له‌ ڕۆژی سێزده‌هه‌مدا سه‌ره‌تای ژیانێکی نوێیه‌.

زاگرۆس نشینان وه‌ک چۆن له‌ دوایین چوارشه‌ممه‌ی کۆتاییی ساڵدا به‌ خۆشییه‌وه‌ پێشوازی له‌ نه‌ورۆز ده‌که‌ن به ‌هه‌مان شێوه‌ له‌ سیانزه‌هه‌مین ڕۆژدا دیسان ئاهه‌نگیان بۆ گێڕاوه‌.

له‌م ڕۆژه‌دا سفره‌ی نه‌ورۆزی کۆ ده‌کرێته‌وه‌ و گیای سه‌ر سفره‌که‌ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه بۆ ناو سروشت و ماسییه‌کان بۆ ناو کانی و ڕووبار و ده‌ریاچه‌کان که‌ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی نه‌ورۆزی فارسه‌کانه‌ که‌ گیاکه‌ به ‌ئاودا ده‌ده‌ن .

له‌ ڕۆژی سیانزه‌ به‌ده‌ر یارییه‌ کورده‌وارییه‌کان به ‌تایبه‌ت سێبازو، قه‌ڵادۆشکان و ڕمبازی و ئه‌سپ سواری ئه‌نجام دراون و کۆتاییی مه‌راسیمه‌که‌ش به‌ کردنه‌وه‌ی ئاگر و شایی و زه‌ماوه‌ند کۆتایی هاتووه‌.

ئه‌م نه‌ریته‌ لای فارسه‌کان به‌ جۆرێکی تره‌. ئه‌وان پێیان وایه‌ ژماره‌ سیانزه‌ شومه‌ و له‌م ڕۆژه‌دا ده‌بێت مه‌ینه‌تییه‌کان ئاوێته‌ی به‌رد بکرێن و توڕ بدرێن که‌ ‌ئه‌مه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و نه‌ریته‌ زاگرۆسییه‌یه‌ که‌ ژیان له ڕۆژی سیانزه‌هه‌مدا ده‌سپێرنه‌ ده‌سپێکێکی نوێ.

هه‌رچی گرێدانی گیایه ڕیشه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نێو ئایینی میترا و ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دا که‌ (مه‌شی و مه‌شیانه‌) که‌ له ‌ئاینه‌ سامییه‌کاندا به ‌تایبه‌ت له‌ ئیسلامدا به‌ (ئاده‌م و حه‌وا) ناسراوه‌، خاوه‌ندکار له‌ سه‌ره‌تادا له ‌شێوه‌ی دوو چڵه‌ ڕێواسدا دروستی کردن و له‌ یه‌کتر ئاڵا بوون و ئه‌م گرێدانه‌وه‌ی گیایه‌ که‌ هه‌ر دوو ڕه‌گه‌ز ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و به‌ واتای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بنه‌مای ئافراندن و په‌یمانی به‌یه‌که‌وه‌ بوونی هه‌ر دوو ڕه‌گه‌زه‌ و باشتره‌ به ‌نهێنی ئه‌م سروته‌ ئه‌نجام بدرێت تا په‌یمانه‌که‌ ڕۆحی بێت نه‌ک به‌رچاوی.

ئه‌گه‌ر له‌م خه‌سڵه‌ته‌ ڕابمێنین نیشانه‌ی وه‌فای به‌رده‌وام و له‌وه‌ش گرنگتر یه‌کسانیی نێوان هه‌ر دوو ڕه‌گه‌زه‌ چون به‌پێی بنه‌ما ئایینییه‌کانی میترائیسم و دواتریش له‌ زه‌رده‌شتیه‌ت و یارسانیشدا ماوه‌ته‌وه و‌ شتێک به‌ ناوی جیاکاری ڕه‌گه‌زی نییه‌ و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ مرۆڤه‌ و ئه‌وه‌ی گۆڕانی تێدایه‌ فیسیۆلۆژیه‌تی مرۆڤه‌کانه‌ نه‌ک عه‌قڵ و ڕێزیان چوونکه‌ هه‌ر دووکیان یه‌کسانن.

حه‌ق وایه‌ کورد به ‌گرنگییه‌وه‌ له‌م بۆنانه‌ بڕوانێت و وه‌ک که‌لتوور شانازی پێوه‌ بکات و هه‌وڵی پاراستن و زیندوو ڕاگرتنی بدات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12972

Your Comment

You are replying to: .
captcha