مەحما خەلیل: لەسەر داوای خەڵک PKK لە شەنگال كشایەوە

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- قایمقامی شەنگال رای‌گەیاند: لە پێشووتردا ئیدارەی شەنگال و ئەنجومەنی قەزاكە و ئەنجومەنی پارێزگا و خەڵکی شەنگال داوایان لە هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) كرد لە شەنگال بكشێنەوە.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مەحما خەلیل بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندوووە، "چۆڵ كردنی شەنگال لە لایەن چەكدارانی PKKوە لەسەر داوای خەڵكی شەنگال بوو، ئەوە هەنگاوێكی باش بوو بۆ ئەوەی جارێكی تر شەنگال نەكەوێتە ناو ململانێیەكی نێودەوڵەتی".

ئاماژەی بەوەش كردوووە: "لە پێشووتردا ئیدارەی شەنگال و ئەنجومەنی قەزاكە و ئەنجومەنی پارێزگا و خەڵکی شەنگال داوایان لە هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) كرد لە شەنگال بكشێنەوە، دواتر دوای هەڕەشەكەی ئەردۆغان PKK كشانەوە سوپاسیان دەكەین كە نەیانهێشت شەنگال ببێتە كێشەیێكی نێودەوڵەتی".

هەفتەی رابردوو PKK لە بەیاننامەیێكدا رای‌گەیاند: هێزەكانی لە شەنگال دەكشێنتەوە، دوێنێ دوایین گرووپی گەریلاكانیان شەنگال-یان جێهێشت.

مەحما خەلیل وتیشی: "ئێستا سوپای عێراقی و پۆلیسی عێراقی و حەشدی شەعبی لەناو شەنگالن، داوامان كردوووە حەشدی شەعبی لەوێش نەمێنێ، داوامان لە حكوومەتی عێراقی و باڵوێزخانی ئەمریكا كردوووە بەپێی دەستووری عێراقی هەروەک چۆن پێش ساڵی 2014 پۆلیسی عێراقی بە هاوبەشی لەگەڵ كورد شەنگال و خەڵكەكەی بپارێزن لەژێر سەرپەرشتی ئەمریكادا".

لەبارەی بوونی هێزەكانی پێشمەرگە لە ئێستادا لەناو شەنگال قایمقامی شەنگال وتی: "هەندێک لە هێزی پێشمەرگە لە مەزاری شەرەفەدین هەن ئەویش بە فەرمی نا بەڵكوو ئەو هێزانەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن كە هێزەكەی قاسم شەشۆیە و زیاتر لە هەشت هەزار ئەندامی هەیە".

مەحما خەلیل لە بارەی چارەنووسی ئەو هێزانەی لە ئێزدییەكان خۆیان و شەنگالییەكان بۆ پاراستنی شەنگال پێكهێنرا دەڵێت: "ئەو هێزانەی لە ئێزدییەكان پێكهێنرا ئێستا هەر لەناو شەنگال-ن وەک یەپەژەی شەنگال، بەڵام یەپەژە حكوومەتی عێراقی لە چوارچێوەی خۆی یاخود سوپا و پۆلیسی عێراقی بە شێوەیێكی فەرمی ڕێكی خستون".

سه‌رچاوه‌: خەندان

کۆدی هه‌وڵنێر: 60104

News Code 12965

Your Comment

You are replying to: .
captcha