مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە هەولێر بایکۆتیان شکاند

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، ئەمڕۆ شەممە 31-3-2018 رایگەیاند بایکۆت دەشکێنن و حەوت داواکاریشیان پێشکەشی حکوومەت کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە شاری هەولێر، لە رۆژی 24-3-2018 لە پێناو: نەهێشتنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە و چاک کردنی رەوشی پەروەردە و گێڕانەوەی شکۆ بۆ کەسایەتیی مامۆستایان پێکهات.

دەستەکە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا جەختی کردەوە لەوەی ئەوان داوای رووخان و "ئیرحەل" لە هیچ حیزب و حکومەتێک ناکەن و تەنیا بە ئامانجی پیشەیی و بە شێوازی مەدەنی ئەم کارانە ئەنجام دەدەن.

داواکارییەکانی دەستەکە:

- پێمان وایە ئەو هەنگاوەی حکوومەت لە راگەیاندنی دەستکاری کردنی رێژەی پاشەکەوتی مووچە، هەنگاوێکی باشە لەم قۆناخەدا. هەوڵبدرێت لە قۆناخی داهاتوو کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو پاشەکەوتە بکرێت، بۆیە بە شێوەیێکی کاتی بایکۆتی خوێندن لە شاری هەولێر هەڵدەپەسێرین و داوا لە مامۆستایان دەکەین رۆژی یەکشەممە دەست بە دەوامی ئاسایی خۆیان بکەنەوە.

- ئێمە گومانمان لە بەڵێنەکانی حکوومەت هەیە لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی، بۆیە چاودێری جێبەجێ کردنی بڕیارەکە دەکەین و لە فشار و هەڵوێستی مەدەنییانەی خۆمان بەردەوام دەبین، تا ئەو رۆژەی تەواوی داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێن.

- داوا لە حکوومەت و دەزگا ئەمنییەکان دەکەین رەوشەکە ئاسایی بکەنەوە و تەواوی زیندانی کراوان ئازاد بکرێن و رێگا بە دوورخراوەکان بدرێت بگەڕێنەوە شار، لە داهاتووشدا هەموو سزایێکی ئیداری و دەستگیر کردنێک بە تەواوی رەت دەکەینەوە.

-داوا دەکەین لە ڕێگەی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم بە ڕێکاری یاسایی کار بکرێت بۆ گێڕانەوەی ئەو پارە پاشەکەوت کراوەی لای حکوومەتە بۆ مووچەخۆران. (داوا دەکەین) پەرلەمان بەزووترین کات بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی یاسای چاکسازی پەسەند بکات، تاوەکوو قۆناخی دووەمی نەهێشتنی پاشەکەوت جێبەجێ بکرێت و حکوومەت بیانووی نەمێنێت.

- داوا دەکەین حکوومەت بۆ مووچەی هەر وەزارەتێک، رۆژێک دیاری بکات بۆ وەرگرتنی مووچە، بە مەرجێک لە 30 رۆژ تێنەپەڕێ، تاوەکوو مووچەخۆران لە دڵەڕاوکێ رزگاریان ببێت.

- حکوومەت و وەزارەتی پەروەردە هەماهەنگ بن لەگەڵ دەستەی مامۆستایان و کەسانی پسپۆڕ لە بواری پەروەردە، تاوەکوو کاربکرێت لەسەر چاک کردنی کەرتی پەروەردە و بەرزڕاگرتنی کەسایەتیی مامۆستا.

- داوا دەکەین وەزارەتی پەروەردە کاربکات لەسەر بەهەميشەيى کردن و دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست.

سەرچاوە: ڕووداو

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 12936

Your Comment

You are replying to: .
captcha