بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕوانگەی مافی مرۆڤ لە لەندەن لە ڕاپۆرتێکدا دۆخی ئاوارەکانی عەفرین بە ئەسەفبار وەسف دەکات و ڕای دەگەیەنێت: لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردووەوە هەزاران ئاوارەی عەفرینی بە نیاز بوون لە حەلەبەوە بگەڕنەوە بۆ عەفرین بەڵام هێزەکانی سوپای تورکیا ڕێگرییان لێدەکات و پێیان دەڵێت لە کوێوە هاتوون بگەڕێنەوە بۆ ئەوێ.
لە ماوەی 58 ڕۆژ شەڕی نێوان هێزە کوردییەکانی عەفرین و سوپای تورکیا و میلیشیاکانی سەر بەو سوپای دەرئەنجام تورکیا ئەو کانتۆنە کوردنشینەی داگیر کرد و خەڵکی مەدەنیی شارەکە لە ترسی گیانی خۆیان پەنایان بۆ حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری بردبوو و ئێستاش سوپای تورکیا ڕێگەیان پێنادات بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانی خۆیان.
لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا کە سوپای تورکیا و میلیشیاکانی سوپای ئازادی سووریا عەفرینیان داگیر کردووە وێنە و گرتەی ڤیدیۆی زۆر بڵاو کراوتەوە کە نیشان دەدات ئەو هێزانەی چوونەتە عەفرین دەستیان بە تاڵان کردنی ماڵ و سامانی خەڵکی شارەکە کردووە و ئێستاش ڕوانگەی مافی مرۆڤ دۆخی ژیانی خەڵکی پەنابەر لە باکووری حەلەب بە نالەبار و مەترسیدار وەسف دەکات و وتوویەتی هەزاران ئاوارەی عەفرینی لەو ناوچەیەدا پێویستیان بە خواردن و دەرمان و پێداویستیی فریاکەوتن و سەرەتایی هەیە.
Your Comment