ڕێگە نادەین خۆپیشاندان لە هەولێر ئەنجام بدرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- پارێزگاری هەولێر رای‌دەگەیێنێت: ئەمڕۆ ڕێگە نادەن خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە شاری هەولێر ئەنجام بدرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دوێنێ یەكشەممە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، بەڵام خۆپیشاندانەكە گرژی لێكەوتەوە و لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بە گوللەی پلاستیكی سێ مامۆستا بریندار كرا.

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ بە خەندان-ی راگەیاند: "ئەو چەند مامۆستایەی كە لە سەرەتادا هاتبوون بۆ خۆپیشاندانەكە مۆڵەتیان نەبوو، بەڵام كەشێكی ئارام بوو، تا ئەو كاتەی بوو بە كێبڕكێی كاندیدەكان، جۆرەها خەڵک تێكەڵ بوو، بۆیە ئەو ڕەوشە دروست بوو".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد: "ڕێگە نەدراوە ئەمڕۆ خۆپیشاندان بكرێت و رێگەش نادەین، چوونكە حكوومەتی هەرێم بەیانێكی دەركرد، تەواو حكوومەت پەیامەكەی خۆپیشاندەرانی وەڵام دایەوە، بۆیە هیچ فشارێكی تر پێویست ناكات، ئەمڕۆش رێگە نادەین خۆپیشاندان بكرێت لە بەر ئەوەی لە بەرژەوەندیی هەولێر و خەڵكی كوردستان نییە".

خۆپیشاندەرانی ناڕازی داوا دەكەن سیستمی پاشەكەوتی مووچە لاببرێت هەروەها مووچەكانیان لە وادەی خۆیدا پێبدرێت.

بڕیاری‌ حكوومەتی‌ هەرێمی كوردستان بۆ پاشكەوت كردنی‌ بڕێک لە مووچەی‌ فەرمانبەران لە سەرەتای‌ ساڵی 2016ەوە جێبەجێ كرا و بەپێی‌ سیستەمەكە، مانگانە بڕێک لە مووچە لە نێوان سەدا 20 بۆ سەدا 75 پاشەكەوت دەكرێت، تا ئێستا حكوومەت میكانیزمی‌ دانەوەی‌ ئەو پاشەكەوتەی‌ دیاری نەكردوووە.

بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم هۆكاری پەنابردنیان بۆ ئەو سیستەمە بۆ دابەزینی نرخی نەوت گێڕایەوە، كە ئەوكات گەیشتبوووە 27 دۆلار، بەڵام لە ئێستادا نرخی نەوت بۆ نزیكەی دوو هێندەی ئەو نرخە بەرز بۆتەوە، بۆتە 68 دۆلار، لەگەڵ ئەوەشدا سیستەمی مووچە هەروەک خۆیەتی.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 12847

Your Comment

You are replying to: .
captcha