ڕەشەبا لە ورمێ و کرماشان زیانی قورس دەخاتەوە

بەشی ئێران- ڕەشەبا لە کرماشان بووە هۆی ئاگر کەوتنەوە لە خێمەی لێقۆماوانی بوومەلەرزە و لە ورمێش دوو کەس بە هۆی ڕەشەباوە گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕەشەبایێکی کەم وێنە پارێزگاکانی ڕۆژئاوای ئێران و بەتایبەت چوار پارێزگای کوردنشینی کرماشان، ورمێ، سنە و ئیلامی گرتۆتە بەر و ئەو ڕەشەبایەش تا ئێستا زیانی زۆری لێکەوتۆتەوە.

لە سەرپێڵ زەهاوی کرماشان کە ناوچەیێکی لێقۆماوە و بەهۆی بوومەلەرزەوە زۆرینەی لێقۆماوان لە خێمە و کانێکسدان زیانەکان خراپترە و زۆرینەی ئەو خێمە و کانێکسانە یان ڕووخاون یان ئاگریان تێ بەر بووە.

قایمقامی شاری سەرپێڵ زەهاو وتوویەتی زیانەکان گیانی نەبووە و لە ئاگرکەوتنەوەکەدا کەس بریندار نەبووە و زیانی ئەو لێقۆماوانە قەرەبوو دەکرێتەوە و دەستبەجێ بۆ نیشتەجێ کردنیان مشوور دەخۆین.

ئەوەش لە کاتێکدایە زیاتر لە چوار مانگ و نیو بەسەر ڕووداوی بوومەلەرزەکەی کرماشاندا تێدەپەڕێت و هێشتاکە زۆرینەی هاووڵاتییان لە خێمەدان و ئەو زستانە بۆ ساتێک گەرم نەکرانەوە و پەڕلەمانتاران پارێزگا کرماشان چەندین جار ڕەخنەی توندیان لە خەمساردیی دەوڵەت و دام و دەزگای جێبەجێکار گرتووە بۆ ئەوەی چیتر بە هانای ئەو لێقۆماوانەوە بچن بەڵام کێشەکە وەکوو خۆی ماوەتەوە و تەنانەت زۆر بنەماڵەش هەن کە یەک خێوەتیشیان وەرنەگرتووە.

هاوکات خێرایی ڕەشەبا لە ماکۆی ورمێ 119 کیلۆمەتر خەمڵێندراوە و بۆتە هۆی گیان لە دەست دانی دوو کەس.

بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا وتوویەتی ئەو ڕەشەبایە تا ئێستا 4 ملیار تمەن زیانی لە هاووڵاتییان داوە و بە هۆی گەردەلوولی خوێوە کێشەی زۆر بۆ هاووڵاتییان و ژێرخانی ئابووریی ئەو ناوچەیە دروست بووە.

بەهۆی وشک بوونی دەریاچەی ورمێوە ڕەشەبا خوێ هەڵدەگرێت و ناوچەکە ئێستا نوقمە لە گەردەلوولی خوێ و وەک بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانی پارێزگای ورمێ وتوویەتی هۆکاری سەرەکیی گیان لە دەست دانی ئەو دوو کەسەش گەردەلوولی خوێ بوو.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News ID 12834

Your Comment

You are replying to: .
captcha