تورکیا سنوورە ئاسمانییەکانی بەرەو هەرێم دەکاتەوە/ قەدەغەی گەشتی ئاسمانی بۆ هەولێر لە ئەوڕۆوە هەڵدەوەشێتەوە

بەشی تورکیا- بیناڵی یڵدرم پاش بەشداری لە نوێژی هەینی لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێران ڕای‌گەیاند تورکیا لە ئەمڕۆوە سنوورە ئاسمانییەکانی بەرەو هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و گەشتی موسافربەری و بازرگانی بۆ هەولێر دەست پێدەکەنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بیناڵی یڵدرم سەرۆک‌وەزیرانی تورکیا پاش بەشداری لە نوێژی هەینی لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێراندا وتی: پاش ڕێفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان سنوورە ئاسمانییەکانمان بەرەو هەرێم داخستبوو. ئێستا هەولێر ئەو سنوورانەی کردۆتەوە و ئێمەش دیسانەوە سنوورەکانمان بەرەو هەرێم دەکەینەوە و گەشتی ئاسمانیی موسافربەری و بازرگانی دیساندەست پێدەکەنەوە بەڵام جارێک سلێمانیە لەم ڕەوتە بەدەر دەبێت.

لە درێژەی وتەکانیدا دەری‌بڕی: تورکیا وڵاتێکی ئەندامی ناتۆیە و کەواتە سنوورەکانی ناتۆ لە باشووری تورکیاوە دەست پێدەکەن. هەموو هەوڵێک بۆ دابین کردنی ئاسایشی سنوورەکانی تورکیا بۆ ئێمە ئەرێنییە و ئەمریکاش سەرەڕای هەندێک هەڵە هێشتاکەش هاوپەیمانی ئێمە لە سووریادایە.

شیاوی ئاماژەیە سەرۆک‌وەزیرانی تورکیا لە کاتێکدا باس لە کرانەوەی دووبارەی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە بەرەو هەولێر دەکات کە لە ڕۆژی ١٠ی مارسەوە ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاوی دژ بە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکووری عێراق و هەرێمی کوردستان دەست پێکردووە و لەلایێکەوە خەریکی ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراقە بۆ هاوکاریی تورکیا دژ بە پەکەکە یان خۆ لانی کەم بێدەنگ بوون هەمبەر هێرشەکانی ئەو وڵاتە لە باکووری عێراق و لەلایێکی دیکەشەوە بەم هەڵمەتەی کردنەوەی سنوورە ئاسمانییەکانی بەرەو هەولێر دەیهەوێت کەشێکی ئەرێنی لە هەرێم درووست بکات و گڵۆپی سەوزی هەرێم بۆ هاتنەژوورەوەی بەربڵاوی سوپای تورکیا تا قەندیل و شەنگال وەدست بهێنێت.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی جمهوریەت

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 12796

Your Comment

You are replying to: .
captcha