کوردپرێس- بەپێی راپۆرتێكی دەنگی ئەمریكا، چاوەڕوان دەكرێت لەو ماوەیەدا هەموو لایەنە سیاسیـیەكان بەرنامە و پـلانەكانی خۆیان بۆ خەڵكی بخەنە ڕوو بەو ئامانجەی دەنگێكی زیاتر بۆ خۆیان بەدەست بهێنن.
هەر بەپێی راپۆرتەكە، پێشبینی دەكرێت هەڵمەتەكە هەڵمەتێكی توند بێت و لایەنەكان بۆ بانگەشە پەنا بۆ شكاندنی یەكتری بەرن، ئەوەش بۆ بەدەست هێنانی زۆرترین دەنگ بۆ لیستەكانیان.
یاسین تەها، شیكەرەوە و شارەزای سیاسیی عێراق لەو بارەوە دەڵێت: "لەبەر ئەوەی لە عێراقدا زۆربەی هێزەكان لە یەك دەچن و شەریكی ئەو سیستمە سیاسیـیەن، كە ئێستا لە كاردایە و حوكمڕانی دەكات".
هەروەها دەشڵێت: لایەنەكان "هاوبەشن لەو ماڵوێرانیـیەی بەسەر كاری سیاسی و ئابووری و دارایـیەكانی عێراقدا هاتووە بە كوردستانیشەوە، هیچ كامیان ناتوانێت لەو زەلكاوە بێتە دەرێ و هەوڵ بدات نمونەیێكی جیاوازتر پـێشكەش بكات، بۆیە پەنا دەبەنە بەر یەكتر شكاندن".
هەڵبژاردنی عێراق لە 15ی ئایاری داهاتوو بۆ دیاری كردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بەرێوە دەچێت، كە سەدان لیست كێبڕكێ دەكەن، بۆ بردنەوەی زۆرترین كورسی ئەنجوومەنەكە.
Your Comment