بەغدا بۆ شەڕی پەکەکە هاوکاریی تورکیا دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە سەردانی تورکیا و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا ڕایگەیاند: بەغدا بۆ شەڕی پەکەکە هاوکاریی تورکیا دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولمەلیک حوسێنی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەتۆڕی میدیاییی رووداو رایگەیاند: "سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووپاتی کردووەتەوە بوونی هێزی چەکدار لەسەر خاکی عێراق رەت دەکەنەوە، کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە بەتایبەتی هێزەکانی PKK ، عێراقیش ئامادەیە هاوکاریی کۆماری تورکیا بکات بۆ لە نێوبردنی ئەو دیاردەیە".

لە بارەی وردەکاریی چۆنییەتی هاوکاری کردنی عێراق لە ئۆپەراسیۆنی دژ بە پەکەکە، عەبدولمەلیک حوسێنی گوتی: "ئەمە کاری حکوومەتی عێراقە و بەرپرسانی تورکیا پێیان ڕاگەیاندوون کە بەم دواییانە لەو بارەوە ئاماژەی ئەرێنییان لە بەرپرسانی عێراق پێگەیشتوون".

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 15-3-2018، سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە تورکیا و لەگەڵ گەورەبەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆ بووەوە. پێشتر مەلوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندبوو، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دژی چەکدارانی پەکەکە ئەنجام دەدەن.

بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "سەلیم جبووری لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی تاوتوێ کردووە و بەرپرسانی تورکیا پشتیوانی خۆیان بۆ گفتوگۆ و دانووستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەر کردنی کێشەکان بە گفتوگۆکردن دووپات کردووەتەوە".

بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش کرد کە "لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا لە ئەنقەرە، گفتوگۆ کراوە لەبارەی میکانزمی هاوکاری ئەمنی و هەواڵگری و ئاڵوگۆڕ کردنی تۆمەتباران و ئەوانەی پەیوەندییان بە رێکخستنەکانی داعشەوە هەیە، ئەمەش لە پێناو سەقامگیریی عێراق".

هەروەها سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەفەرمی هاوتا تورکییەی بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بکات. لە بەشێکی دیکە گفتوگۆکاندا باسی رۆڵی تورکیا لە دووبارە ئاوەدان کردنەوەی عێراق و زیاتر پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری نێوان هەردوو وڵات کراوە. ئەمە وەک بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی کرد.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 12694

Your Comment

You are replying to: .
captcha