بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان و جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان، بە SNNی راگەیاند: حكوومەتی هەرێم كەوتۆتە چاڵێكی قووڵەوە و توانای دەرهاتنی نییە، لە لایێکەوە ناتوانێت لەگەڵ بەغدا رێككەوتن بكات، چوونكە قەرزێكی زۆری كردووە و نازانرێت پارەكەی چی لێهاتووە، لە لایێكی تریش ئەگەر خۆی نەوتەكەی بفرۆشێت، زۆر لەو بڕە پارەیە كەمتری دەست دەكەوێت، كە وەک بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق بۆی دیاری كراوە.
ناوبراو وتیشی: "لە لایێكی دیكەوە، هەرێم شایستەی دارایی كۆمپانیا نەوتییەكانی لە سەرە، بەغداش ئامادە نییە بەو میكانیزمە بیداتەوە، كە مانگانە 100 ملیۆن دۆلارە".
بەوتەی عەلی حەمەساڵح "ئەگەر حكوومەتی هەرێم خۆی نەوتەكە بفرۆشێت و بەردەوام بێت لەسەر سیستمی ئێستای، كێشەی هێنانەوەی پارەكەی هەیە، بۆیە هیچ بژاردەیێكی لە بەردەستدا نییە، جگە لەوەی بەزووترین كات هەڵوەشێتەوە".
سەبارەت بەوەی ئایا پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ چ چارەسەرێكی هەیە، لە كاتێكدا هەرێم قەرزدارە و عێراقیش ئامادە نییە قەرزەكانی بداتەوە، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان وتی: "پێویستە حكوومەتێكی دیكە دروست بكرێت بۆ ئەوەی لێكۆڵێنەوە لەو پارانە بكرێت كە دیار نییە، ئەویش لە لایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە، ئەگەر شەخس بردوویەتی پێویستە لێی وەربگیرێتەوە، ئەگەر بۆ خەڵكیش خەرج كراوە، ئەی داهاتی نەوت چی لێهاتووە، كە ئەوەش چارەسەرەكەیە".
ناوبراو زیادی کرد: "ئەگەر هەرێمی كوردستان بەم میكانیزمەی ئێستا نەوت بفرۆشێت و پارەكەی بهێنێتەوە و بەڕێوەی ببات، زۆر زۆر لەو پارەیە كەمتری دەست دەكەوێت كە لە بەغداوە دێت، بۆیە لە بەرژەوەندی هەرێمدایە كە لەگەڵ بەغدا رێككەوتن بكات، بەڵام ناتوانێت ئەو رێككەوتنەش بكات، بە هۆی قەرزەكانی و شایستەی دارایی كۆمپانیاكان".
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment