پەیامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ٣٠ هەمین ساڵیادی كیمیاباران كردنى هه‌ڵه‌بجه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە ٣٠ هەمین ساڵیادی كیمیاباران كردنى هه‌ڵه‌بجه‌ حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە تێیدا داوا له‌ ده‌وڵه‌تى عێراق ده‌كات، بە ئه‌ركى سه‌ر شانى خۆى هەستێت له‌ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ى قوربانیان و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌.

کوردپرێس- لە پەیامەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتوووە، له‌ ٣٠ هەمین ساڵیادى كیمیاباران كردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هیددا، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گیانى پاكى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ داده‌نه‌وێنین، به‌ خه‌م و په‌ژاره‌یێكى قووڵه‌وه‌ یادى ئه‌و شه‌هیده‌ نه‌مرانه‌ له‌ ساوایان، منداڵان، ژنان، پیاوان، گه‌نجان و پیران ده‌كه‌ینه‌وه‌.

هەر لە پەیامێکدا ئەوەش هاتووە، له‌ كاتێكدا تاوانى كیمیاباران كردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید پێنج هه‌زار شه‌هیدى به‌دواى خۆیدا جێهێشت، نزیكه‌ى ١٠هه‌زار برینداریشى خسته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تا ماون ژیانێكى پڕ له‌ مه‌ینه‌تى بژین و له‌ ژان و ئازار بترازێت، هیچ چێژێك له‌ ژیان نه‌بینن و ببنه‌ گه‌واهیى ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ى دژى مرۆڤ و سروشت و ژیان له‌به‌ر چاوى جیهان ئه‌نجام درا.

پەیامەکە ئاماژەی بەوەش داوە، له‌م یاده‌ سامناك و خه‌مناكه‌دا، دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ى له‌ توانادا بێت بۆ خزمه‌تى هه‌ڵه‌بجه‌ درێغى ناكه‌ین و جارێكى دیكه‌ش داوا له‌ ده‌وڵه‌تى عێراق ده‌كه‌ین ئه‌ركى سه‌رشانى خۆى له‌ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ى قوربانیان و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ جێبه‌جێ بكات و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش ڕێگه ‌نه‌دات جارێكى دیكه‌ تاوانێكى له‌و جۆره‌ له‌ هیچ شوێنێكى سه‌رزه‌مین دووباره‌ ببێته‌وە.

News Code 12623

Your Comment

You are replying to: .
captcha