بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندێکی باڵای پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بە سەرۆکایەتیی شاهۆز حەسەن، هاوسەرۆکی پارتەکە گەیشتە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی و لەگەڵ ژمارەیێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کۆ بووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاند وەکوو یەکێتی ئومێدەوارن چارەسەرێکی سیاسی و ئاشتی بۆ کێشەکانی عەفرین و کوردستانی سووریا و چۆنێتی هاتنە سەرکاری سیستەمێکی دیموکراسی لە سووریا بێتەگۆڕ.
مەلا بەختیار گوتی: "ئەو قارەمانیێتیەی کە لە عەفرینیش ئەنجام دەدرێت، ئەوە قارەمانیێتیەک نییە وەکوو چەکدار بیکەن، دیارە ئەوانە مافێکی رەوای دیموکراسیان هەیە و مەبەدەئین و سوورن لەسەر ئەوەی مافی دیموکراسی خۆیان بەدیبهێنن، بۆیە ئەو خۆڕاگرییە روودەدات. ئەگینا ئەگەر وەکوو هێزێکی چەکدار بەبێ بیروباوەڕ و ستراتیژی دیموکراتی بچوونایەتە ناو سەنگەرەکانی شەڕ، هەرگیز نەیاندەتوانی 50 رۆژ لە بەرامبەر حەوتەمین هێزی دەوڵەتانی ناتۆ خۆیان بگرن و سەربەرزییێکی گەورە تۆمار بکەن".
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێشنازی کرد "بۆ تورکیا، هێزەکان و ئەزموونی فیدراڵی لە کوردستانی سووریا و حکوومەتی سووریا وا باشە کە چارەیێکی سیاسی هاوسەنگ بدۆزرێتەوە، هەم ئاسایشی سنووری هەموو دەوڵەتەکان بپارێزرێت، هەم ئەزموونە دیموکراسییەکە و مافی دیموکراسی گەلی ئێمەش لە کوردستانی سووریا دەستەبەر بکرێت".
لە هەمان کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، شاهۆز حەسەن، هاوسەرۆکی پەیەدە رایگەیاند "سوپاسی گەلی کوردستانی عێراق بە گشتی دەکەین، لە بارەی ئەو رەوشەی لە عەفرین هەیە کەمتەرخەمیان نەکردووە، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەوانیش بەشداری ئەو بەرخودانە بوونە کە لە عەفرین هەیە، ئەمەش جێگەی سوپاس و رێزی ئێمەیە".
شاهۆز حەسەن دەڵێت ئەمڕ فاشیزمی دەوڵەتی تورک لەگەڵ هێزە چەتەکان بە فیکری قاعیدە و داعش و بەرەی نووسرە هێرشی سەر عەفرین دەکەن، ئەمڕۆ لە عەفرین بەرخودانێک هەیە، ئەو بەرخودانەش بەناوی هەموو گەلی کوردستانە لە بەرامبەر هێرشێک کە لەسەر هەموو گەلی کوردستان دەکرێت. ئەگەرچی ئێستا لەڕووی سەربازییەوە هێرش بۆسەر عەفرین بەردەوامە، بەڵام مەترسی بۆ سەر منبج و قامیشلۆ و باشووری کوردستانیش هەیە، دەوڵەتی تورک بە ئاشکرا باس لەوە دەکات".
لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا لەبارەی ناردنی هێزی باشووری کوردستان بۆ عەفرین مەلا بەختیار گوتی "ناردنی هێز بۆ عەفرین بە هەمان شێوەی کۆبانێ پەیوەندی بە سیاسەتی ناوچەکە و پێویستی عەفرینەوە هەیە. عەفرینییەکان و کوردستانیانی سووریا تا ئێستا ئەوەندە قارەمان بوو کە خۆشبەختانە خۆیان توانیویانە خۆیان رابگرن و سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنن، بەبێ ئەوەی هیچ داوایێک لەوبارەیەوە لە ئێمە بکەن، تەنها داوای هەڵوێست و پشتیوانی دەکەن لەناو جەماوەر. ئەگەر ئەوان داوا نەکەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت خۆی لە خۆیەوە هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە بدات، چوونکە ئەوە بابەتە پەیوەستە بە سیاسەتی سێ دەوڵەت، عێراق و تورکیا و سووریا".
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment