به‌ریتانیا پشتگیری له‌ حكوومه‌تێكی به‌هێز له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لە هەولێر له‌گەڵ جۆن وێڵكس، باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ری کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، هەولێر و بەغدا و ڕەوشی ناوچەکە کراون. باڵیۆزی بەریتانیا رایگەیاندوووە کە وڵاتەکەی پشتگیری له‌ حكوومه‌تێكی به‌هێز له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ماڵپەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندوووە جۆن وێڵكس خۆشحاڵیی خۆی به‌ رێككه‌وتنی هه‌ولێرـ به‌غدا و كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و ناردنی به‌شێک له‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕیوە كه‌ له‌ ئه‌نجامی دیالۆگی نێوان نێچیرڤان بارزانى و حه‌یده‌ر عه‌بادى بوو. پشتگیریى وڵاته‌كه‌شی بۆ به‌رده‌وامیی دیالۆگى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كان نیشاندا.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 14-3-2018 بەڕێوەچوو، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بە نێچیرڤان بارزانی راگەیاندوووە‌: "به‌ریتانیا پشتگیری له‌ حكوومه‌تێكی به‌هێز له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و له‌ پشتیوانى و هاوكارییه‌كانیشی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت".

نێچیرڤان بارزانى جارێکی دیکە "بڕیار‌ی حكوومه‌تی عێراقی به‌ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و ناردنی به‌شێک له‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئه‌رێنی ناساندوووە و به‌ هه‌نگاوێكی باشی به‌ ئاراسته‌ی هه‌نگاونان بۆ قۆناخێكی باشتر و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی دیكه‌ له‌ قه‌ڵه‌مدا".

نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە پەیوەندییەکانیش لەگەڵ بەریتانیا، بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، "خواستى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ په‌ره‌پێدانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕی".

سەبارەت بە رەوشی ناوچەکە بەتایبەت لە ڕووی ئەمنییەوە لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان به‌ پێویستی زانی "هاوپه‌یمانان و هه‌ولێر و به‌غدا كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌یێكی هاوبه‌ش بكه‌ن بۆ رێگری كردن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌دا و له‌م باره‌یه‌وه‌ ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر هاوكارییێک له‌گه‌ڵ به‌غدا نیشاندا".

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 12592

Your Comment

You are replying to: .
captcha