زانكۆی نۆلج چیرۆكی ئایلانی كوردی دەكاتە فیلمێكی سینەمایی

به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- دەرهێنەر جوبرائیل ئەبووبەكر بە سپۆنسەری زانكۆی نۆلج چیرۆكی ئایلانی كوردی ئەو منداڵە كوردەی كۆبانی كە لە دەریای ئیجە خنكا، دەكاتە فیلمی سینەمایی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فیلمی سینەمایی (ئایلان) لە لایەن جوبرائیل ئەبووبەكر كاری دەرهێنانی بۆ كراوە و ئومێد ڕۆژ كاری مۆسیقای فیلمەكەی جێبەجێ كردوووە.

دەرهێنەر جوبرائیل ئەبووبەكر لە بارەی چیرۆكی فیلمەكەوە رای‌گەیاند: "چیرۆكی فیلمەكە باس لە ئایلانی كوردی دەكات كە لە سووریا شەڕ دەست‌پێدەكات لەگەڵ خێزانەكەی رێگەی تاراوگە دەگرنە بەر و بەرەو توركیا بەڕێ دەكەون بەڵام لەوێ بەر لەوەی بگەن بە كەناری ئارامی شەپۆلەكانی دەریا دەیكاتە قوربانی".

جوبرائیل ئەبووبەكر جەختی لە سەر ئەوە كردەوە سەرجەمی كارەكانی فیلمەكە تەواو بوووە و ئامادە كراوە بۆ ناردن‌ و بەشداری كردن لە فێستیڤاڵە سینەماییە نێودەوڵەتییەكان.

دواهەمین فیلمی سینەمایی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبووبەكر فیلمێک بوو بە ناوی (بێدەنگی ئاسمان) كە لە دەیان فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانیدا بەشداری كرد‌ و چەندین خەڵاتی بەدەستهێنا.

جوبرائیل ئەبووبەكر رەحمان لە دایكبووی ساڵی 1983ی شاری هەولێرە، لەساڵی 2001ەوە دەستی داوەتە كاری سینەمایی و لە نزیكەی 40 كورتە فیلمدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لە 13 فیلمی سینەمایی درێژیشدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لە ساڵی 2010ەوە كاری دەرهێنانی سینەمایی دەكات.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 12591

Your Comment

You are replying to: .
captcha