وەزیری ناوخۆی عێراق گەیشتە هەولێر

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، قاسم ئەعرەجی، وەزیری ناوخۆی عێراق گەیشتە هەولێر. ئامانجی سەردانەكەیشی بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوونە لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی ئیش و كاری دەروازە سنوورییەكان ‌و کردنەوەی فڕۆكەخانەكان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جەلال شێخ كەریم، بریكاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: رۆژی چوارشەممە 14-3-2018، قاسم ئەعرەجی، وەزیری ناوخۆی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی هەولێر دەكات. هێڤیدار ئەحمەد، پەیامنێری رووداویش کاژێر 10:30 خولەک رای‌گەیاند کە ئەعرەجی گەیشتوووە.

وەک جەلال شێخ كەریم باسی کرد، ئامانجی سەردانەكەی قاسم ئەعرەجی بۆ بینینی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی ئیشوكاری دەروازە سنوورییەكان ‌و فڕۆكەخانەكانە، لەگەڵ تەواوکردنی رێوشوێنەکان بۆ جێبەجێ کردنی رێککەوتننامەی هەر دوو لا، بەتایبەت دوای ئەوەی رێككەوتن كراوە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی و بەڕێوەبردنی خاڵە سنوورییەکان بە هاوبەشی.

هاوکات پەیامنێری رووداو باسی لەوە کرد کە ئەمڕۆ بڕیار دەدرێت ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا بکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا کە لە پاش کردنەوەی ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا، فڕۆکەخانەکانی کوردستان کردنەوەی گەشتەکان بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و فڕۆکەخانەکانی دیکەی جیهان ڕادەگەیێنن.

سەردانەکە لە کاتێکدایە دوێنێ سێشەممە شاندێکی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ لە بەغدا بوو. شاندەکە لە دەیان ئەفسەری پلەباڵای وەزارەتی ناوخۆ پێکهاتبوو و چاویان بە حەیدەر عەبادی، سەرۆک‌وەزیرانی عێراقیش کەوت.

وەکوو کاردانەوە بەرامبەر ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە 25ی ئەیلووولی 2017 دا، یەکێک لەو سزا و گەمارۆیانەی حکوومەتی عێراق بە سەر هەرێمی کوردستانیدا سەپاند قەدەخە کردنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان بوو لە فڕۆکەخانەکانی کوردستان.

بڕیارەکە لە 29ی ئەیلوول جێبەجێ کرا، دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ و نیویش حەیدەر عەبادی، سەرۆک‌وەزیرانی عێراق بڕیاری دا رۆژی پێنجشەممە 15-3-2018 گەمارۆکە هەڵبگرێت و لە هەر دوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەست بە گەشتە نێودەوڵەتییەکان بکرێتەوە.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 12564

Your Comment

You are replying to: .
captcha