مه‌رجی به‌غدا بۆ خه‌رج کردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامی لیژنه‌ی داراییی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان به‌ مه‌رجه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ ده‌کات ئه‌وه‌ش وه‌رگرتنی نه‌وت له‌ هه‌رێمه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جه‌بار عه‌بادی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی له ‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران و كه‌سێكی‌ نزیک له ‌حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ زانیارییێکی گرنگ سه‌باره‌ت به‌ ناردنی‌ مووچه‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم و به‌رده‌وامیدان به‌و پرۆسه‌یه‌ ئاشكرا ده‌كات و له‌ لێدوانێكدا به ‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر هه‌رێم به‌ ته‌واوی‌ پابه‌ند بێت به ‌داواكارییه‌كانی‌ به‌غدا، ناردنی‌ مووچه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت و قه‌رزه‌كانی‌ عێراق كه‌ لای‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ نابێته‌ ڕێگر له ‌به‌رده‌م ناردنی‌ مووچه‌دا".

جه‌بار عه‌بادی ده‌شڵێت: "ئه‌و مووچه‌یه‌ی‌ كه‌ به‌غدا بڕیاری داوه‌ بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی‌ بینێرێت به‌رده‌وام ده‌بێت و بۆ ته‌نها مانگێک نییه‌".

ناوبراو وتیشی: "به‌رده‌وام بوونی‌ ناردنی‌ مووچه‌ش بۆ هه‌رێم ڕاسته‌خۆ په‌یوه‌سته‌ به ‌پابه‌ند بوونی حكوومه‌تی‌ هه‌رێم به ‌ڕاده‌ست كردنی‌ دۆسێی‌ نه‌وت و داهاته‌كه‌ی‌ به ‌به‌غدا له ‌ڕێگه‌ی‌ كۆمپانیای سۆمۆی‌ نیشتیمانییه‌وه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ عێراق جه‌ختی كرده‌وه‌: "ئه‌گه‌ر هه‌رێم داهاتی‌ نه‌وته‌كه‌ی‌ ڕاده‌ست نه‌كات به‌غدا چۆن بتوانێت پاره‌ به‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم بدات بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌رێم داواكارییه‌كانی‌ به‌غدا جێبه‌جێ بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانرێت مووچه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ دیكه‌ قۆناغ به ‌قۆناغ یاخود دوای‌ ته‌واو بوونی‌ وردبینه‌كان ڕه‌وانه‌ بكرێت".

جه‌بار عه‌بادی‌ زانیارییێكی‌ دیكه‌شی‌ سه‌باره‌ت به ‌قه‌رزه‌كانی‌ سه‌ر هه‌رێم ئاشكرا كرد و وتی‌:"ئه‌و بڕگه‌ یاسایییه‌ی‌ له ‌یاسای‌ بودجه‌دا جێگیر كراوه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و پارانه‌ی‌ له‌سه‌ر هه‌رێمه‌ نابێته‌ ڕێگر له ‌پێش ناردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران".

ئه‌وه‌شی‌ وت: "بابه‌تی‌ قه‌رزی‌ عێراق كه‌ لای‌ هه‌رێمه‌ هیچ په‌یوه‌ندیێکی‌ به ‌سه‌ر مووچه ‌و بژێوی‌ ژیانی‌ خه‌ڵک و فه‌رمانبه‌ران و شایسته‌كانی‌ جووتیارانه‌وه‌ نییه ‌و به ‌هیچ شێوه‌یێکیش نابێت ئه‌و دوو بابه‌ته‌ په‌یوه‌ست بكرێن به‌ یه‌كه‌وه‌".

جه‌بار عه‌بادی‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كرده‌وه: "پابه‌ند بوونی‌ عێراق به ‌ناردنی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم ئه‌وه‌ ناگه‌یێنێت كه‌ واز له ‌قه‌رزه‌كانی‌ بهێنێت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت له ‌لێكۆڵینه‌وه‌كانی‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ دیارنه‌مان یاخود بردنی‌ ئه‌و بڕه‌ زۆری‌ پاره‌ی‌ وڵات".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12405

Your Comment

You are replying to: .
captcha