472 ڕۆژنامه‌وان له‌ عێراق كوژراون

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نه‌قیبی ڕۆژنامه‌نووسانی عێراق ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: له‌ دوای ساڵی 2003وه‌ تاكوو ئێستا 472 ڕۆژنامه‌وان عێراق كوژراون.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌ گوێره‌ی لێدوانێكی موئه‌یه‌د لامی نه‌قیبی ڕۆژنامه‌نووسانی عێراقی، له‌ ماوه‌ی 15 ساڵی ڕابردوودا 472 ڕۆژنامه‌وان كوژراون وه‌ک لامی باسی ده‌كات ئه‌و ئاماره‌ مێژوویییه‌ و تا ئێستا هیچ وڵاتێكی جیهان هێنده‌ ڕۆژنامه‌نووسی لێ نه‌كوژراوه‌.

نه‌قیبی ڕۆژنامه‌وانانی عێراق له‌ كۆنگره‌یێكی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ڕای‌گه‌یاند: له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی داعشیشدا زیاتر له‌ هه‌زار ڕۆژنامه‌وان ڕووماڵی شه‌ڕه‌كانیان كردوووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان بگوازنه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی دوایین ئاماری فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆژنامه‌نووسان، له‌ ساڵی 2017، 11 ڕۆژنامه‌وان له‌ عێراق كوژراون، به‌مه‌ش له‌سه‌ر ئاستی جیهان له‌ دوای مه‌كسیک و ئه‌فغانستان به‌ سێیه‌م وڵات داده‌نرێت له‌ خراپی ڕه‌وشی رۆژنامه‌وانی.

سه‌رچاوه‌: کوردستان 24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12394

Your Comment

You are replying to: .
captcha