عێراق لەو ٢٥ ملیار دۆلارەی قەرزی کردووە هیچی لێ نەداوە بە هەرێم

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی لیژنەی وەبەرهێنانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریی كرد، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا عێراق 25 ملیار دۆلاری قەرز كردووە و هیچ بڕە پارەیەكیشی لەو قەرزانە نەداوە بە كوردستان، لەگەڵ ئەوەی حەیدەر عەبادی بەردەوام كار بۆ قووڵتركردنەوەی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.

کوردپرێس- بودجەی عێراق بەبێ كورد پەسەند كرا، فراكسیۆنە كوردستانییەكان داواكاربوون ڕێژەی 17% بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت و وەكو پارێزگاكان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەكرێت، هەروەها بەشە بودجەی پێشمەرگە دیاری بكرێت، بەڵام سەرۆكوەزیرانی عێراق ئامادە نەبوو گۆڕانكاری لە پڕۆژەیاسای بودجەدا بكات و داواكاریی كورد جێبەجێ بكات.

لە دوای 16 ئۆكتۆبەر حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، وەك براوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات و بەردەوامیش لە هەوڵدایە بۆ قووڵتركردنەوەی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی وەبەرهێنان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كێشەی سەرەكیی كورد مالیكی و عەبادی نییە، بەڵكوو كێشەی كورد ئەو عەقڵییەتەیە كە عێراق بەڕێوە دەبات، سەرۆكوەزیران تەنیا بەڵێن دەدات، بابەتی مووچەی كردووە بە كارتی سیاسی و بە خواستی خۆی موزایەدەی پێوە دەكات."

نەجیبە نەجیب گوتیشی: "زیاتر لە 25 ملیار دۆلار قەرز دراوە بە عێراق، بەڵام ئەو قەرزانە لەگەڵ ئەوەی ساڵانەش ئاماژەیان بۆ دەكرێت، بەڵام گەلی عێراق ئاگایان لە وردەكاریی ئەو قەرزانە نییە و نازانن حكوومەتەكەیان بۆچی قەرزی زۆر وەردەگرێت و وڵاتەكەیان تووشی چ قەرزدارییەك دەكات، ئەو قەرزانەی كە عێراق كردوویەتی لە دوای ساڵی 2015ەوە بڕی 25 ملیار دۆلارە، لەنێو ئەو قەرزانەی كە دراوە بە عێراق بە هیچ شێوەیەك هیچ بڕە پارەیەكی لێ نەدراوە بە هەرێمی كوردستان".

News Code 12382

Your Comment

You are replying to: .
captcha