بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پیتەر پاوڵ سەرۆکی کۆمیتەی سەربازیی ناتۆ لە لێدوانێکدا ئاماژە دەکاتە کڕینی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی S-400ی ڕووسیا لەلایەن تورکیاوە و دەڵێت: هەبوونی ئەو سیستەمە لە وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ ئەگەری تۆمار بوونی جیهازاتی ناتۆی لەگەڵدایە و ئەمەش بە واتای ڕیسکێکی زۆر بۆ ناتۆیە. ئەم کارەی تورکیا نیگەرانییێکی زۆری بۆ ناتۆ درووست کردووە. سیستەمی مووشەکیی S-400 بە هیچ شێوەیێک بۆ سیستەمەکانی ناتۆ گونجاو نییە.
لە درێژەی وتەکانیدا پاوڵ ئاشکرای دەکات: سیستەمێکی S-400 وەکوو ئەوە نییە بڵێی سەربازێکی ڕانەهاتوو کڵاشینکۆڤێک دەگرێتە دەستیەوە و بەکاری دەهێنێت، چوونکە پسپۆڕانی ڕووسی ڕادار و کۆنترۆڵی ئەم سیستەمە بە هێزە سەربازییەکانی تورکیا فێر دەکەن و لەم ڕێگایەشەوە ڕووسیا زانیارییێکی زۆر و گرینگ سەبارەت بە کاروباری ناتۆ لە تورکیا وەدەست دەهێنێت.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی دیوار
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment