عێراق مەرجی هەیە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- حكوومەتی عێراق، بە هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاندوووە كە ئامادەن مووچەی هەر دوو كەرتی تەندرووستی و پەروەردە خەرج بكەن، بەڵام بەو مەرجەی ڕاستەوخۆ تەسلیمی پارێزگاكان، یاخود بەڕێوبەرایەتییەكانی بكەن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند: "عێراق ئامادەیە مووچەی هەردوو وەزارەتی پەروردە و تەندروستی خەرج بكات، بەڵام ئەوان ئامادە نین پارەكە تەسلیمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن‌ و دەیانەوێت لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروردە و تەندروستی یاخود پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی ‌و دهۆكەوە پرۆسەكە ئەنجام بدەن".

كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ماوەیێكە بۆتە كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا و بۆ ئەو مەبەستەش حكوومەتی عێراقی لە سەر هێڵە و وردبینی لە لیستی مووچەخۆران دەكات.

مەریوان عومەر وتەبێژی پەروەردەی سلێمانی لەو بارەیەوە بەدەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند "هیچ شتێک لەسەر دابەش كردنی مووچە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكانەوە بە ئەوان نەوتراوە".

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە حكوومەتی عێراق رەزامەندی نیشان داوە بە پێدانی مووچەی هەر دوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی هەرێمی كوردستان دوای وردبینی كردنیانیان، بەڵام سەرەڕای ئەوەی وردبینی تەواو بوووە، هێشتا مووچەی فەرمانبەرانی ئەو دوو وەزارەتە خەرج نەكراوە.

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، حەیدەر عەبادی بە شێوەیێكی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ناكات ‌و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پارێزگاكانەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 12342

Your Comment

You are replying to: .
captcha