ئایا عه‌فرین ده‌که‌وێت؟

به‌شی سووریا- به‌ره‌ به‌ره‌ بازنه‌ی گه‌مارۆی شاری عه‌فرین ته‌سکتر ده‌بێته‌وه‌. له‌ به‌رانبه‌ریشدا کورد ده‌ڵێت عه‌فرین ده‌کاته‌ ڤیتنامی تورکیا.

کوردپرێس- به‌گوێره‌ی ئه‌و واقعانه‌ی هه‌واڵنێری نێردراوی کوردپرێس بینیویه‌تی سوپای تورکیا و میلیشیاکانی سه‌ر به‌و سوپایه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کانتۆنی عه‌فرین و میحوه‌ری شرا نزیکه‌ی 15 کیلۆمه‌تر له‌ شاری عه‌فرین به‌ باشووره‌وه‌ که‌ ده‌بێته‌ میحوه‌ری جێندرێس 22 کیلۆمه‌تر له‌ باکوور و میحوه‌ری به‌لبه‌له‌وه‌ 23 کیلۆمه‌تر و له‌ ڕۆژئاوا و میحوه‌ری ڕاجۆوه‌وه‌ 20 کیلۆمه‌تر له‌ سه‌نته‌ری عه‌فرین دوورن. دیاره‌ شه‌ڕێکی نایه‌کسان له‌ نێوان هێزی کورد و سوپای تورکیا له‌ ئارادایه‌ به‌ڵام به‌وه‌شه‌وه‌ کورد ماوه‌ی 48 ڕۆژه‌ به‌ سووکترین چه‌ک، دووهه‌م سوپای ناتۆی وه‌ستاندوووه‌. به‌ڵام ئایا ئه‌مه‌ کۆتاییی چیرۆکی چاوچنۆکییه‌که‌ی تورکیا ده‌بێت و به‌رخۆدانی کورد سه‌رده‌که‌وێت یان تورکیا وه‌کوو جرابلۆس و عه‌زاز و مارع و باب ده‌توانێت کانتۆنی عه‌فرینیش داگیر بکات و بیلکێنێت به‌ خاکی خۆیه‌وه‌؟ به‌و مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ چه‌ند سیناریۆ و گریمانه‌ لێکبدرێته‌وه‌.

له‌ لایێکه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی ڕووسیا ده‌بینرێت که‌ گڵۆپی سه‌وزی هه‌ڵ کردبوو بۆ هێرشی سه‌ر عه‌فرین و تورکیاش به‌ حوکمی ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ڕووسیا کردووی ئیزنی پێدرا هێرشی سه‌ربازی بکات. له‌ لایێکی دیکه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زیی سووریا ده‌بینرێت که‌ دژ به‌ داگیرکارییه‌که‌ی تورکیایه‌ و وه‌کوو نیشانه‌ بۆ نواندنی ئه‌و دژایه‌تییه‌ی خۆی هێزی مه‌ده‌نیی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی نارده‌ عه‌فرین. ڕووسیا دژ به‌و بڕیاره‌ی سووریا بوو هه‌ر بۆیه‌ش دیمه‌شق به‌ ناچاری هێزی مه‌ده‌نیی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی نارده‌ ناوچه‌که‌.

لایه‌نێکی دیکه‌ بابه‌ته‌که‌ ئێرانه‌. ڕاسته‌ ئێران ئه‌ندامێکی دانیشتنه‌که‌ی ئه‌ستانه‌یه‌ به‌ڵام دژ به‌ داگیرکارییه‌که‌ی تورکیاش وه‌ستاوه‌ و به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی به‌ شیوازی جۆربه‌جۆر ئه‌و دژایه‌تییه‌یان ده‌ربڕیوه‌.

به‌ وته‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یێکی کوردپرێس ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ جووڵه‌ کردن به‌ هێزی مه‌ده‌نی له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زیی سووریاوه‌ به‌ گڵۆپی سه‌وزی ئێران کرابێت.

له‌ لایێکی دیکه‌ی گۆڕه‌پانه‌که‌وه‌ ئه‌مریکا وه‌ستاوه‌. ئه‌مریکا که‌وتۆته‌ نێو چه‌قی مه‌سه‌له‌ی کورد-تورک. ئه‌مریکا له‌ لایێکه‌وه‌ ده‌وڵه‌تێکی فه‌رمی له‌ به‌رانبه‌ر خۆیدا ده‌بینێت که‌ هاوپه‌یمانی ناتۆیه‌. له‌ لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ هاوپه‌یمانی وشکانیی خۆی له‌ سووریا ده‌بینێت.

ئێنجی مسته‌فا شرۆڤه‌کاری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی دیپلۆماسییانه‌ و ستراتێژیکی عه‌فرین له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ کوردپرێسی وتوووه‌: ئه‌مریکا دوو ڕێگاچاری هه‌یه‌ یان ده‌بێت تورکیا قبووڵ بکات و ده‌ست له‌ کورد بشۆرێته‌وه‌ و یان ده‌بێت له‌م قۆناغه‌دا یارمه‌تیی کورد بدات. ده‌ره‌چه‌ی سێهه‌م که‌ حاڵه‌تی بێ هه‌ڵوێستی و ناڕوونیی هه‌ڵوێسته‌ کاریگه‌ر نابێت. بۆیه‌ دواجار ئه‌مریکا ناچاره‌ یه‌ک لایه‌ن هه‌ڵبژێرێت. به‌ڵام ئه‌و ڕووداوه‌ سیاسییانه‌ ته‌نها ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یاری و ئه‌شێ و نه‌شێی سیاسی و به‌ کرداری ڕه‌وتێکی جیاواز ده‌گرێته‌ خۆ.

سوپای تورکیا هێدی هێدی له‌ ته‌سکتر کردنه‌وه‌ی گه‌مارۆی سه‌ر شاری عه‌فرین و کۆتایی هێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتی کورد نێزیک ده‌بێته‌وه‌ له‌و حاڵه‌ته‌شدا سێ سیناریۆ ئه‌گه‌ری ڕوودانیان هه‌یه‌:

یه‌که‌م: به‌رخۆدانی درێژخایه‌ن‌تر و ده‌ستوه‌ردانی وڵاتانی شوێندانه‌ر له‌ پرسه‌ جیهانییه‌کاندا له‌ به‌رانبه‌ر عه‌فرین و کۆتایی هێنان به‌ شه‌ڕ. له‌و حاڵه‌ته‌دا ڕه‌نگه‌ تورکیا هێرشه‌کانی بوه‌ستێنێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ له‌ خاکه‌ داگیرکراوه‌که‌ بکشێته‌وه‌ یان له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕێککه‌وتن ئه‌نجام بدات دوور له‌ چاوه‌ڕوانییه‌.

دووهه‌م: ته‌داخولی سه‌ربازی ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زیی سووریا و داخستنی ئاسمانی سووریا به‌ سه‌ر فڕۆکه‌کانی تورکیا و پێداگریی سه‌ربازی بۆ ده‌رکردنی میلیشیای سه‌ر به‌ تورکیا له‌ سووریا. ئه‌م سیناریۆیه‌ش کێشه‌ی زۆری له‌ سه‌ره چوونکه‌ ڕووسیا له‌ ناوچه‌که‌یه‌ و شه‌ڕێکی نوێیش تێچووی سه‌رسووڕهێنه‌ری ده‌بێت بۆ ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی. بۆیه‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌سه‌د توانای به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی وڵاتێکی به‌هێزی نییه‌.

سێهه‌م: جێبه‌جێ کردنی پلانی B له‌ لایه‌ن کورده‌کانه‌ و پێکهێنانی به‌ره‌یێکی شه‌ڕ دژ به‌ تورکیا له‌ جرابلۆس و باب و شوێندانه‌ری له‌ سه‌ر پڕۆسه‌ی شه‌ڕ و دابه‌زاندنی فشاری سه‌ر عه‌فرین. پێشتریش به‌رپرسانی سیاسی و سه‌ربازیی کورد هۆشداریان دابوو ئه‌گه‌ر هێرشی تورکیا بۆ عه‌فرین به‌رده‌وام بێت ئه‌وا له‌ ده‌یره‌لزوور واز له‌ شه‌ڕی داعش ده‌هێنن و به‌ره‌و به‌ره‌ی شه‌ڕی عه‌فرین جووڵه‌ ده‌که‌ن. هه‌ر له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ئیلهام ئه‌حمه‌د هاوسه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکراتیک به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وتبوو ئه‌گه‌ر پێویست بکات هێزی سوپای دیموکراتیک ده‌نێردرێنه‌ دارستانه‌کان.

ئه‌وه‌ی به‌ گشتی له‌ ئاڵوگۆڕه‌که‌ ده‌بینرێت به‌شێک له‌ سه‌ربازانی ژێر فه‌رمانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کوردستانی سووریا نێردراونه‌ته‌ عه‌فرین و ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجی شه‌ڕی عه‌فرین به‌ قازانجی تورکیا بڕواته‌ پێشێ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ کورد تۆڵه‌ بسێنێته‌وه‌ و له‌ جرابلۆسه‌وه‌ هێرشی ده‌ست پێبکات. سوپای دیموکراتیک چه‌کی قورسی ئه‌مریکیی پێیه‌ و 57 هه‌زار هێزی له‌گه‌ڵه‌ و ده‌توانێت له‌ ناوچه‌ی جرابلۆس و باب کێشه‌ی جیدی بۆ تورکیا دروست بکات و هێرشه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ بۆ سه‌ر عه‌فرین که‌م بکاته‌وه‌ و هه‌روا که‌ خۆیان ده‌ڵێن عه‌فرین بکه‌نه‌ ڤیتنامی تورکیا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 12339

Your Comment

You are replying to: .
captcha