بەپێی هەواڵی کوردپرێس لە شەڕێکی نێوان پەڕلەمانتارانی هەدەپە و پەڕلەمانتارانی پارتی داد و گەشە کە لە سەر هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین ڕووی دا دوو پەڕلەمانتاری هەدەپە و پەڕلەمانتارێکی پارتی داد و گەشە بریندار بوون و گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە.
مەحموود توغرۆل نوێنەری ئامەد لە پەڕلەمانی تورکیا لە پشکی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە بارەی ئوپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین لە پەڕلەماندا وتی: سوپای تورکیا خەریکی پاکسازیی قەومییە لە عەفرین و خەڵکی مەدەنی دەکوژێت. ئەو قسانەی مەحموود توغرۆڵ کاردانەوەی توندی پەڕلەمانتارانی پارتی داد و گەشەی لێکەوتەوە.
لەیلا شاهین ئەڤێستا نوێنەری خەڵکی قوونیە لە پەڕلەمانی تورکیا لە پشکی پارتی داد و گەشە هێرشی کردە سەر توغرۆل و وتی: سەربازەکانی ئێمە شەڕ لە سەر وڵاتەکەیان دەکەن. ئەگەر باس باسی کوژرانی خەڵکی مەدەنی بێت ئەوا پەکەکە خەڵکی سڤیل دەکوژێت و ئێوە لە ڕێگای ئەم کورسییەوە ناتوانن قسەی وا بکەن. بە بۆنەی ئەو وتانەوە مەحکوومتان دەکەم.
پاش ئەو لێدوانە، پەڕلەمانتارنی هەدەپە و پەڕلەمانتارانی پارتی داد و گەشە بە سەر و گوێی یەکیاندادا دا و دوو برینداری هەدەپە و بریندارێکی پارتی داد و گەشە گوازرانەوە بۆ فریاکەوتنی نەخۆشخانە.
سەرچاوە: هەواڵدەریی Diken
Your Comment