به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو شێوه‌یێک ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه بۆ ئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق چاره بكات، به‌ڵام حكوومه‌تی عێراق تا وه‌كوو ئێستا ئاماده نییه كێشه‌كان چاره بكات و به‌رده‌وام به‌ڵێن ده‌دات و هه‌نگاوی كرداریی نه‌ناوه.
ئه‌بووبه‌كر كاروانی چاودێری سیاسی به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "پێویسته هه‌موو لایه‌نه‌كان وه‌كوو كورد بیر بكه‌نه‌وه و یه‌ک دیدی هاوبه‌شیان هه‌بێت و، هه‌موو هێزه سیاسییه‌كان له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دات یه‌ك تێگه‌یشتنیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له ئارادایه و پێناسه‌یان بۆ به‌غداش هاوبه‌ش بێت، ئینجا کورد بژارده‌كانی خۆی بخاته سه‌رمێزی گفتوگۆیێكی كوردانه له نێوخۆی كوردستان و هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان دیاری بكرێت و كورد چ بژارده‌یێكی له‌به‌رده‌ستدایه، به‌ده‌ر له‌وه هه‌ر بڕیارێک بدرێت له بەر‌ژەوه‌ندیی كورد نییه و ئه‌وه ڕوون بكرێته‌وه، ده‌توانین له‌گه‌ڵ عێراق بمێنینه‌وه، یان ده‌رفه‌تی جیابوونه‌وه‌مان هه‌یه و ڕیفراندۆم كارا بكرێته‌وه."
ئه‌بووبه‌كر كاروانی گوتی: "بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كانیش له‌گه‌ڵ به‌غدا پێویسته به پێی ده‌ستوور بێت و ئه‌گه‌ر به‌غداش ده‌ستی ده‌ستی كرد، ئه‌وكات ئێمه په‌رله‌مان و داموده‌زگا و حیزبی سیاسیمان هه‌یه، كۆ ببنه‌وه و پێش ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆستانمان كۆ ببنه‌وه و دواتریش بڕیارێک بده‌ن له باره‌ی دۆخه‌كەوە."
كاروانی ڕوونیشی كرده‌وه: "ڕۆژێک دێت به‌غدا وه‌ڵاممان ناداته‌وه و كێشه‌كان چاره نابن، ئه‌وكات ڕه‌نگه ئاڵوگۆڕ له ناوچه‌كه ڕوو بدات، ئه‌وكات كه ده‌رفه‌تی ژیان له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌هێڵن، هه‌رێمی كوردستان ڕیفراندۆم كارا ده‌كاته‌وه، چونكه ئه‌و ڕیفراندۆمه به‌رده‌وام وه‌كوو وه‌ره‌قه و بژارده‌یێكی گرینگ ده‌بێت بۆ گه‌لی كورد، بۆیه له‌و ڕێگه‌یه‌وه جیا ده‌بینه‌وه له عێراق. "
کاروانی باسی له‌وه‌ش كرد: "تا ئێستا به‌غدا جیددی نییه له چاره‌كردنی كیشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان. به‌شێكی پێی وایه كه په‌یوه‌سته بە هه‌ڵبژاردنی عێراقه‌وه، به‌ڵام به‌شێكی په‌یوه‌ندی به تێراوانینی نوخبه‌ی سیاسیی عێراق به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و ئه‌و بێ متمانه‌ییه‌ی له نێوان هه‌ر دوو لا دروست بوووه."
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment