بەپێی هەواڵی کوردپرێس کوردی سووریا کە لە ساڵی 2012وە و پاش چوونە دەرەوەی هێزی دەوڵەتیی سووریا لە باکووری ئەو وڵاتە، کۆنتڕۆڵی خۆیان لە سەر چەند ناوچەیێکی زۆرینە کوردنشین وەکوو عەفرین، کۆبانێ و جزیرە فراوانتر کرد و دامەزراندنی سێ کانتۆنی کۆبانێ و جزیرە و عەفرینیان ڕاگەیاند و بەو شێوازەش حکوومەتێکی خۆسەریان دامەزراند و بە مەبەستی ناساندنی خۆیان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەستەبەر کردنی مەشرووعیەتی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2016وە دەستیان کرد بە دامەزراندنی نووسینگەی سیاسی لە چەند پێتەختێکی وڵاتانی ئەورووپی.
کوردی سووریا پێوەندیی مێژوویییان لەگەڵ ڕووسیا هەیە و مۆسکۆیان بە یەکەم پاڵپشتی خۆیان دەزانی و یەکەم نووسینگەی سیاسیی خۆیانیان لە مۆسکۆ دامەزراند. ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و وەکوو مەشروعیەت پێدانێکی سیاسی بە کورد خوێندنەوەی بۆ ئەکرا. بەڵام هێشتاکە دوو ساڵ بە سەر ئەو بابەتەدا تێنەپەڕیبوو کە مۆسکۆ ڕێگەی بە تورکیا دا لە ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادا بە هەموو توانای خۆیەوە هێرش بکاتە سەر کورد و هەوڵ بدات لە ناوچەکە دەریان بکات. ئەوەش کوردی تووشی سەرسوڕمان کرد. کوردی سووریا ئێستا چیتر گومانی نەماوە کە ڕووسیا گڵۆی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکردوووە بۆ ئەوە هێرش بکاتە سەر عەفرین و ئەنقەرە بەبێ ئیزنی ڕووسیا نەیدەتوانی فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانی عەفریندا بفڕێنێت.
نوێنەرێکی هەیەدە لە ڕووسیا بە ماڵپەڕی هەواڵی ڕیجنی وتبوو: گومانی تێدا نەماوە کە ڕووسیا بە دووفاقی سیاسەت دەکات. ئەو وڵاتە خەیانەتی لە کورد کرد. خەیانەتی ڕووسیا لە کورد خراپتر بوو لە خەیانەتی ئەمریکا لە کورد.
ناوبراو شەڕەکەی غووتەی ڕۆژهەڵات و عەفرینیش بە بێ هۆ نازانێت و پێی وایە ئەنقەرە و مۆسکۆ لە سەر بەش کردنی خاکی سووریا ڕێککەوتوون. تورکیا لە بەرانبەر هێرشەکەی ڕووسیا لە غووۆەی ڕۆژهەڵات گڵۆپی سەوزی هەڵکردوووە هەر بۆیەش هیچ لایەنێکیان ڕەخنە لەوی تر ناگرن.
یەپەگە ڕۆژی چوارشەمە ڕای­گەیاند لە ماوەی 47 ڕۆژ هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین زیاتر لە 200 هاووڵاتیی سڤیل گیانی خۆیان لە دەست داوە و ڕووسیای بە تاوانباری سەرەکیی کوژرانی ئەو خەڵکە مەدەنییە ناساندوووە.
لە بەیاننامەکەی یەپەگەدا نووسراوە: هەموان دەزانن ئاسمانی عەفرین بە هێزی فیدراسیۆنی ڕووسیا دەپارێزرا و ئەگەر ڕووسیا ڕێگەی نەدابا فڕۆکەکانی تورکیا نەیاندەتوانی ئاسمانی عەفرین ببەزێنن و هێرشی ئاسمانی بکەت.
هێزی کوردی سووریا تەنانەت دەستەواژەی شەراکەت کردن لە کوشتنی خەڵکی سڤیلیش بەکار دەهێنێت بۆ وەسف کردنی تەداخولی ڕووسیا لەو هێرشەی تورکیا.
گابریل کینۆ وتەبێژی هێزی دیموکراتیکی سووریا کە لە کورد و عەرەب پێهاتوون ڕووسیا بە خەتابار دەزانێت لە هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین و داوای ڕاگرتنی ئەو هێرشەی کردبوو.
Your Comment