كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ: مافی كورد له‌ بودجه‌ی عێراق ده‌سته‌به‌ر بكرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی جێگری یه‌که‌می سکرتێری گشتیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ دیدار له‌گه‌ڵ باڵیۆزی نه‌رویج له‌ عێراق و ئۆردۆن جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌سته‌به‌ر بوونی مافی کورد له‌ بودجه‌ی 2018ی عێراق کرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس ڕۆژی ڕابردوو (سێشه‌ممه 2018.03.06) كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازی كرد له‌ خاتوو تون ئه‌لێرس به‌رپرسی باڵیۆزی شانشینی نه‌رویج له‌ ئۆردۆن و عێراق و خاتوو ئاناتیا گلوسن سكرتێری یه‌كه‌می باڵوێزخانه‌كه‌ له‌ ئۆردۆن.

له‌ دیداری نێوانیاندا، هه‌ر دوو لا باسیان له‌ بارودۆخی ناوخۆی عێراق و كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كرد و ده‌ستووریان به‌ تاكه‌ بنه‌ما بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان زانی و بۆ دۆخی ناوخۆی كوردستانیش ته‌ئكید له‌ یه‌كڕیزی و یه‌ك گوتاری كورد كرایه‌وه‌.

ته‌وه‌رێكی‌تری دیداره‌كه‌ ته‌رخان كرا بۆ پرسی بودجه‌ی 2018ی عێراق و ده‌سته‌به‌ر كردنی مافه‌كانی كورد تێیدا و په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته‌ هه‌ر دوو لا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ شایسته‌دارایییه‌كانی كورد دابین بكرێت و قوتی هاووڵاتییان نه‌كرێته‌ قوربانیی ململانێی سیاسی و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌شدار بن له‌ بڕیاره‌ سیاسییه‌ چاره‌نووسسازه‌كان.

لای خۆیه‌وه‌ خاتوو تون ئه‌لێرس به‌شداریی كارای كوردی له‌ جه‌نگی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر به‌رز نرخاند و به‌ یه‌كێک له‌ هێزه‌ كاریگه‌ره‌كانی جه‌نگی دژی تیرۆری دایه‌ قه‌ڵه‌م و هاوكاری كردنی زیاتری پێشمه‌رگه‌ی به‌ گرنگ زانی.

سه‌رچاوه‌: PUK media

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12302

Your Comment

You are replying to: .
captcha