«بەدران چیا کورد» جێگری هاوسەرۆکایەتیی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەریی خۆسەر لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە پاش هاتنی بایدن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە چ شێوەیێک بە سیاسەتدا دەڕوانێت و ئێوە چ داوایێکتان لە ئەمریکییەکان هەیە، وتی: لە ئێستادا ئەمریکا لەبارەی کەیسی عێراق و سووریا خەریکی لێکۆڵینەوەیە کە ئایا چ سیاسەتێک بگرێتە پێش بۆیەش تا ئێستا دیار نییە ئەمریکا چ سیاسەتێکی لەمبارەوە دەبێت.
ناوبراو وتی: ئێمە لەشەڕی تیرۆردا هاوکاریی ئەمریکا دەکەین و داوامان لەوان کردووە لەم بارەوە جیددی بن.
بەدران چیا کورد وتیشی: پێویستە ئەمرکیا دەست بکات بە مامەڵەی سیاسی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تاکوو ئەم ئیدارەیە بتوانێت بەشداری بکات لە دانوستانی سووری-سووری. ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەشداریی پێنەکرێت پڕۆسەی سیاسی لە سووریا شکست دێنێت.
ناوبراو زیاتر ڕایگەیاند: هیوادارین ئیدارەی نوێی ئەمریکا هەڵەکانی ترەمپ ڕاست بکاتەوە و هەمبەر داگیرکاریی تورکیا لە عەفرین و گرێ پسی و سەرێکانی و پێشێل کردنی مافی کوردەکانی ئەم ناوچانە ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینێت.
بەدران چیا کورد وەبیری هێنایەوە: ئەمریکا دەبێت لە پرسی سووریا ڕۆڵێکی کاراتر ببینێت و هەمبەر دانیشتنەکانی ئەستانە کە خەساری زۆری لە خەڵکی سووریا و کوردەکان داوە دیپلۆماسیەتێکی ئاشکرا تر بگرێتە پێش.
ناوبراو جەختیشی کردەوە: هەروەها گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر سووریا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریشی زەرەرمەند کردووە و پێویستە ئیدارەی نوێی ئەمریکا میکانیزمێکی شیاو بۆ ئەم بابەتە دروست بکات چوونکە پێنج ملیۆن کەس لەم ناوچەیەدا دەژین و گەمارۆکان کاریگەریی لەسەریا هەیە. لەلایێکی دیکەوە دەروازە سنوورییەکانی سووریا لە تەل کۆچەر لەلایەن ڕووسیاوە داخراوە و پێداویستییە پزیشکیەەکان ناگاتە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکان و ئەمەش گوشاری لەسەر خەڵک دروست کردەووە.
جێگری هاوسەرۆکایەتیی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەریی خۆسەر لەبارەی دەست بەکار بوونی جۆ بایدن وەکوو سەرۆکی ئەمریکا وتی: ئەم گۆڕانکارییە لە ئیدارەی سیاسیی ئەمریکادا لە باری سیاسییەوە چ لە ناوخۆی ئەمریکا چ لە جیهاندا بابەتێکی گرینگە و نیشانی دەدات کە ئەمریکا دیهەوێت ئەو کێشانەی کە لەسەردەمی ترەمپدا ڕوویاندا ڕاست بکاتەوە.
ناوبراو وتیشی: ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانن کاریگەریی جیاوازیان ببێت لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکادا و مومکینە گۆڕانکاریش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکات هەروەها لەسەر پرسی دۆسیەی ناوەکیی ئێرانیشدا گۆڕانکاری دەبینین.
بەدران چیا کورد ڕاشیگەیاند: لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمرکیا و تورکیاش هەندێک ناکۆکی لەنێوانیاندا دەبینرێت کە لەسەردەمی بایدن-دا بەپێی یاسا و بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکا پێوشوێنگیری دەکرێت هەروەها کە دەزانین ئەم دوو لایەنە لەسەر پرسی F-35 و سیستەمی بەرگریی S-400 کێشەی بنەڕەتییان هەیە.
جێگری هاوسەرۆکایەتیی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەریی خۆسەر وەبیری هێنایەوە: سەردەمی پەیوەندیی شەخسیی سەرۆکی ئەمریکا و ئەردۆغان کۆتایی هاتووە و بایدن لە دیپلۆماسیدا ئەزموونی کۆنی هەیە و بەرژەوەندییە ستراتێژییەکانی ئەمریکا پەیڕەو دەکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment