فراکسیۆنی پارتی داوای کۆبوونه‌وه‌ی نێوان فوئاد مه‌عسووم و نێچیرڤان بارزانی له‌باره‌ی بودجه‌وه‌ ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌باره‌ی بودجه‌ی 2018ی عێراق داوا ده‌کات په‌رله‌مانی کوردستان میوانداریی سه‌رۆک کۆماری عێراق، سه‌رۆکایه‌تیی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق بکات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فراکسیۆنی پارتی یادداشتێک ده‌داته‌ سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان و له‌باره‌ی بودجه‌ی عێراق داوا ده‌کات په‌رله‌مانی کوردستان میوانداریی سه‌رۆک کۆماری عێراق، سه‌رۆکایه‌تیی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق، لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان، سه‌رۆکی فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کانی په‌رله‌مانی عێراق و سه‌رۆکی فراکسیۆنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان بکات به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجام‌دانی کۆبوونه‌وه‌یێک بۆ وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستێکی یه‌کگرتووی هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر ئه‌م پێشهاته‌.

ده‌قی یادداشته‌که‌ی فراکسیۆنی پارتی:

به‌ڕێز سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان

سڵاو و رێز

له‌ دانیشتنی ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕێککه‌وتی 2018.03.03 ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ بێ ڕه‌چاو کردنی داواکارییه‌ ده‌ستووری و یاسایییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، یاسای بودجه‌ی عێراقی فیدراڵ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند کرا، ئه‌مه‌ش به‌ بێ گوێدانه‌ پره‌نسیپی شه‌راکه‌ت و ته‌وافوقی سیاسی که‌ عێراقی نوێ له‌سه‌ر بونیاد نراوه‌.

ئه‌م یاسایه‌ به‌ تایبه‌تی له‌و بڕگه‌ و ماددانه‌دا که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌وڵ و نییه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا له‌ نه‌هێشتن و بچووک کردنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان پیشان ده‌دات بۆیه‌ به‌ بۆچوونی ئێمه‌ ئه‌م پێشهاته‌ مه‌ترسیداره‌ بۆ وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستێکی یه‌کگرتوو پێویستی به‌ کۆده‌نگیی نیشتمانی هه‌یه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ وێڕای ده‌ستخۆشی و به‌رز نرخاندنی ڕۆڵی فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان له‌ په‌رله‌مانی عێراق داوا له‌ سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان ده‌که‌ین وه‌کوو نوێنه‌ری شه‌رعی و یاساییی خه‌ڵکی کوردستان میوانداری هه‌ریه‌ک له‌ سه‌رۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ، سه‌رۆکایه‌تیی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان، سه‌رۆکی فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کانی په‌رله‌مانی عێراق و سه‌رۆکی فراکسیۆنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان بکات به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی کۆبوونه‌وه‌یێک بۆ وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستێکی یه‌کگرتووی هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر ئه‌م پێشهاته‌.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

2018.03.06

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12295

Your Comment

You are replying to: .
captcha