بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئالان شێخ مووس لە ئەندامانی میدیاکانی سەرەبە بزووتنەوەی کۆمەڵگای دیموکراتیکی سووریا دەڵێت: ئەمریکا گوشاری خستووەتە سەر تورکیا واز لە شەڕی عەفرین بێنێت.
شێخ مووس بە هاوڵنێری کوردپرێسی وت: پێوەندیی نێوان ئەمریکا و تورکیا پاش دەسەڵاتداریی ترەمپ ڕوولە خراپ بوونە، خراپتر لە سەردەمی ئۆباما.
ئالان شێخ مووس دەشڵێت: بەشێک لەو پێوەندییە خراپە بە بۆنەی ڕادەست نەکردنەوەی گولەن لە لایەن ئەمریکایە و بەشێکی دیکەشی پێوەندیی نێوان ئەمریکا و کوردە.
ناوبراو زیادی کرد: تا ئێستا چەندین جار ئەمریکا و تورکیا کێشەیان بۆ هاووڵاتییانی یەکتر لە ڕێگای دەرنەکردنی ڤیزەوە دروست کردووە و ئەمڕۆش ئەمریکا ڕایگەیاند بەهۆی هەڕەشەی ئەمنییەوە کۆنسووڵخانەکەی لە ئەنقەرە دادەخات.
ئالان شێخ مووس لەبارەی گوشاری ئەمریکا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی عەفرین وەبیری هێنایەوە: ئەمریکا نایەوێت لە سەر پرسی کورد زیاتر لەوە پێوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا سارد ببێتەوە، بۆیەش لە دەربڕینی قسەی توند دژ بە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین پارێز دەکات.
ناوبراو وتیشی: ئەمریکا دەیەوێت لە فەرانسا بۆ گوشار خستەنە سەر تورکیا کەڵک وەربگرێت، هەروەها کە دەبینین فەرانسا داوای کردووە هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر عەفرین کۆتایی پێبێت.
شێخ مووس دەڵێت لە ڕۆژی ئەوەڵیشەوە فەرانسا هەڵویستی ڕوونی لە بارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین گرتۆتەبەر و داوای کردووە تورکیا دان بە خۆیدا بگرێت و ئەمریکاش هەوڵی داوە لەو ڕێگەیەوە داخڵ ببێتەوە.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment