پەیامی بەرپرسان و کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی یادی ڕاپەڕینەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان-بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەسایەتییە سیاسییەکان و سەرۆک حزبەکانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی سییەمین ساڵیادی راپەڕینی ئازاری ١٩٩١چەند پەیامێک بڵاو دەکەنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ ٥ی ٣، یادی دەستپێکی راپەڕینی ئازاری ساڵی ١٩٩١ی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە کە سەرەتا لە دەڤەری راپەڕین (رانیە و قەڵادزێ) دەستیپێکرد و لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا تەواوی شارەکان بە حکوومەتی ئەوکاتەی عێراق چۆڵ کران هەربەم بۆنەوە بەرپرسان و کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان چەند پەیامی جیاجیایان بڵاو کردەوە.

لە پەیامێکیدا بەبۆنەی یادی راپەڕینەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئه‌مڕۆ کوردستان له‌ هه‌موو کاتێک زياتر پێويستى به‌ ته‌بايى و پێکه‌وه‌يى و يه‌کڕيزيى هه‌موو لايه‌ن و پێکهاته‌کانى هه‌يه‌. هاوکات، داوای یەکڕیزیی لە هەمووان دەکات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کوردستان پێویستی بە یەکڕیزیی هەیە تاوەکوو بتوانێت په‌يام و ئامانجه‌کانی ڕاپه‌ڕين و به‌رهه‌مى خوێنى شه‌هيدان بپارێزێت و به‌ره‌و ئاينده‌يێکى باشتر هه‌نگاو بنێت.

لە درێژەی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "وه‌ک چۆن له‌ راپه‌ڕيندا ته‌واوى کوردستانييان به‌ هه‌موو پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌يى و ئاينييه‌کان و هه‌موو ئاراسته‌ و هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌ جياکانه‌وه‌، له‌ به‌ره‌يه‌کى يه‌کگرتوودا پێکه‌وه‌ راپه‌ڕين و سه‌رکه‌وتين، ئێستاش به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موومان پێکه‌وه‌ ده‌توانين ڕووبه‌ڕووى سه‌ختى و ته‌حه‌دييه‌کان ببينه‌وه‌ و مافه‌ ده‌ستوورييه‌کانمان به‌ده‌ست بهێنين و بپارێزين".

دەشڵێت، "له‌م ياده‌ پيرۆزه‌دا داوا له‌ هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێکهاته‌کانى کوردستان ده‌که‌م، يادى راپه‌ڕين بکه‌ينه هه‌وێنى ته‌بايى و پێکه‌وه‌يى و يه‌کڕيزى و نه‌هێشتنى کێشه‌ و ناکۆکييه‌کان تا گيانى کاروانى شه‌هيدانى کوردستان شاد بکه‌ين و هه‌موومان پێکه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوويه‌کى باشتر هه‌نگاو بنێين".

هەروەها بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، بەبۆنەی ساڵیادی راپەڕین پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "پێویسته‌ له‌م یاده‌دا به‌هاکانی راپه‌ڕین به‌رز رابگیرێن به‌ رێزگرتن له‌ داخوازی و مافه‌کانی خه‌ڵک، به‌کۆتایی هێنان به‌ ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی، پێویسته‌ به‌ کرده‌وه‌ گه‌ل سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵات و شه‌رعیته‌کان بێت و خزمه‌ت کردنی هاوڵاتیان و به‌رجه‌سته‌ کردنی به‌ها نیشتمانییه‌ راسته‌قینه‌کان بکرێنه‌ پێوه‌ری کارکردن."

بەرهەم ساڵح لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا وتوویەتی: "یادکردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌ به‌وه‌ ده‌کرێت که‌ کار بکه‌ین بۆ به‌رقه‌رار کردنی حوکمڕانیێکی دروست به‌ئاراسته‌ی تێپه‌ڕاندنی قه‌یران و ئاسته‌نگه‌کان دوور له‌ ململانێ و به‌رژه‌وه‌ندی حزبی به‌رته‌سک و به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵکاران به‌ کرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ رێگای به‌شداری راسته‌قینه‌ی خه‌ڵک و له‌به‌رچاوگرتنی داخوازیه‌ ره‌واکانیان.

لای خۆیەوە مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی راپەڕینەکەی خەڵکی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی سییەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی گەلی کوردستانەوە دەڵێت :پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەمو نیشتمانپەروەر و تێکۆشەر و ئازادیخوازان و سەرجەم چینوتوێژ و هاوڵاتیانی کوردستان دەکەم".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە،" بەهیچ شێوەیەک نابێت ئامانج و دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین بە لاڕێدا ببرێن."

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەسعوود بارزانی وتوویەتی: "گەلی کوردستان خەباتی کرد و خوێنی دا و ڕاپەڕی بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بژیێت و هەر کەس و لایەنێکیش بیەوێت لە بەها و ئامانجەکانی ڕاپەڕین کەم بکاتەوە لە ڕاستیدا ناپاکی لە خوێنی شەهیدان و دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان دەکات".

هەروەها لە پەیامێکیدا بەهۆی یادی راپەڕینەوە، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "با یادی راپەڕین هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتيوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بین".

لە درێژەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکوومەت دەڵێت، هاندەر و پشتیوانی حکوومەت بن تا خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین.

دەشڵێت، راپەڕینی ئازاری ١٩٩١، بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بووە.

ئەوەشی وتووە، بەرهەمی راپەڕین دروست بوونی قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێم بووە، "پێویستە ئەمڕۆش، هەر تاکێکی کوردستانی و هەموو لایەن وپێکهاتەكان، بە یەکڕيزی و یەکدەنگییەوە، داکۆکی لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن".

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە،" راپه‌ڕین، به‌رهه‌می خوێنی ده‌یان هه‌زار شه‌هید، به‌رئه‌نجامی شۆڕشی نوێ و بەشداریی و پشتیوانیی کارایانەی کۆمەڵانی خەڵک و چه‌پكه‌ گوڵی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بوو بۆ گه‌لی كوردستان."

هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کردووە "به‌ها باڵا سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی یه‌كێتی، هیواكانی خه‌باتی رزگاریی نیشتمانی و ده‌سكه‌وته‌كانی راپه‌ڕین - كه‌ ده‌یان هه‌زار شه‌هید و تێكۆشه‌ری قاره‌مان گیانی خۆیان له‌پێناو به‌خشی، چییان لێ دێت. كێ كوردستانه‌كه‌مان له‌ داگیركاری، له‌ مشه‌خۆری و قۆرغكاریی ده‌سه‌ڵاتێكی ناپه‌سه‌ند ده‌پارێزێ و رزگار ده‌كات.

ناوبراو دەشڵێ ئه‌مڕۆ و30 ساڵ دوای راپه‌ڕین، خه‌ڵكی كوردستان ده‌یانه‌وێت دڵنیابن كه‌ سه‌روه‌ریی یاسا و ئازادییه‌كان، ئاسایشی كار و پیشه‌یان‌، مووچه‌ و قووت و كه‌سابه‌ت و ژیانیان، له‌ده‌ست كه‌مینه‌یه‌كی مشه‌خۆر، پارێزراو بێت".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1222

Your Comment

You are replying to: .
captcha