به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی و ئابووری له په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت: فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆک کۆماری عێراق ئه‌وه‌ی پێ وتوون ئه‌وه‌ی توانیومانه کردوومانه به‌ڵام جارێکی دیکه کورد ناتوانێت رێژه‌ی 17٪ ده‌ست بخاته‌وه.
ھه‌روه‌ھا ده‌ڵێت: په‌نامان برد بۆ سه‌رۆک کۆمار که په‌یوه‌ندی بکات به به‌رپرسانی حکوومه‌تی هه‌رێمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان بێنه سه‌ر خه‌ت و به هه‌ماهه‌نگی بڕیارێک بده‌ین و هه‌رێم له‌م دۆخه بپارێزین به‌ڵام دیار بوو حکوومه‌ت نه‌هاتنه سه‌ر خه‌ت و به‌و ئاقاره گه‌شت که گه‌شتوووه و سه‌رۆک فراکسیۆنه‌کان ئه‌وه‌ی له توانایاندا هه‌بوو کردیان. ماوه‌ته‌وه بڵێم خۆزگه حکوومه‌تی هه‌رێم یه‌ک جار له کاتی خۆیدا له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌بوو له ماوه‌ی ئه‌م چوار ساڵه‌دا.
ده‌قی ته‌واوی نووسینه‌که‌ی ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید
کۆتا بڕیار له ماڵی سه‌رۆک کۆمار
دوای دانیشتن له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عه‌بادی و به‌ڕێز سلیم جبووری به حزووری سه‌رۆک کۆمار، خودی سه‌رۆک وه‌زیران داوای کرد ده‌بێت ده‌نگ بده‌ن به پڕۆژه‌یاساکه و هه‌ر دوو ئه‌ندامی لێژنه‌ی دارایی به‌ڕێز سه‌رۆکی لێژنه و نوێنه‌ری عبادی له لیژنه‌ی مالی به ڕاشکاوی ڕووی ده‌میان کرده من و وتیان ده‌بێت له کاتی ده‌نگدان بۆ پڕۆژه‌یاساکه ده‌بێت حزوورتان هه‌بێت و ده‌نگ بده‌ن به یاساکه، ئه‌گه‌ر نا چاوه‌ڕێ مه‌بن خاڵه‌کانتان بخرینه ناو پڕۆژه‌یاساکه‌وه.
که کۆ بووینه‌وه له ماڵی سه‌رۆک کۆمار بۆ دوا بڕیار باس له کشانه‌وه کرا له پڕۆسه‌ی سیاسی که وه‌ک فشارێک به کاری بهێنین و هه‌مووشمان ده‌نگدانمان پێ قورس بوو، چوونکه که‌م کردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی 17٪ ده‌بێته مێژوو بۆ ئێمه و جه‌نابی سه‌رۆک کۆمار زۆر به ڕاشکاوی وتی دڵنیا بن من له‌وه‌ته‌ی له به‌غدام له‌سه‌ر پشکی 17٪ شه‌ڕ ده‌که‌م به‌ڵام ئه‌وه تازه بوووه به ئه‌مری واقیع و جارێکی دیکه ئه‌و ڕێژه‌یه نادرێته‌وه به کورد.
من وه‌ک بڕیاده‌ری لێژنه داوام کرد قسه‌ی خۆم بکه‌م، له ڕاستیدا هاوڕا بووم له‌گه‌ڵیان و ده‌نگدان به پڕۆژه‌یاسایێکی له‌و جۆره که من خۆم وه‌سفم کردوووه به خراپترین پڕۆژه‌یاسا، زۆر قورسه و ئه‌سته‌مه بتوانین خه‌ڵک تێبگه‌یه‌نین به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م بابه‌ته بورووژێنرێت له‌لایه‌ن هه‌ندێک که‌سه‌وه بۆیه نه‌متوانی داوای ده‌نگدان بکه‌م به‌ڵام به دیوه‌که‌ی‌تردا پێم ڕاگه‌یاندن که ئه‌گه‌ر نه‌چینه ژووره‌وه و ده‌نگ نه‌ده‌ین ده‌بێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه بکه‌ین کورد مه‌حرووم بکرێت له مووچه و بودجه و ده‌رمان و پیتاکی خۆراک و هه‌موو په‌یوه‌سته‌کانی بودجه و خه‌ڵکی کوردستانیش له بارودۆخێکی خراپ‌دا ژیان به سه‌ر ده‌به‌ن، بۆیه په‌نامان برد بۆ سه‌رۆک کۆمار که په‌یوه‌ندی بکات به به‌رپرسانی حکوومه‌تی هه‌رێمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان بێنه سه‌ر خه‌ت و به هه‌ماهه‌نگی بڕیارێک بده‌ین و هه‌رێم له‌م دۆخه بپارێزین به‌ڵام دیار بوو حکوومه‌ت نه‌هاتنه سه‌رخه‌ت و به‌و ئاقاره گه‌شت که گه‌شتوووه و سه‌رۆک فراکسیۆنه‌کان ئه‌وه‌ی له توانایاندا هه‌بوو کردیان. ماوه‌ته‌وه بڵێم، خۆزگه حکوومه‌تی هه‌رێم یه‌ک جار له کاتی خۆیدا له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌بوو له ماوه‌ی ئه‌م چوار ساڵه‌دا.
سه‌رچاوه: خه‌ڵک
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment