بهپێی ههواڵی کوردپرێس، یاسین عیزەدین، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركووک، بەSNNی ڕاگەیاند: پێمان باش بوو ئەگەر دۆخەكە باش نەكرێت و سەرجەم هێزەكانی عێراق لەناو شار نەكشێنەوە، یەكێک لە ئەگەرەكانی بەردەممان، كشانەوە و بەشداری نەكردن بێت لە هەڵبژاردنەكان، بەڵام بڕیارێكی لەو جۆرە پێویستی بە كۆدەنگی هەیە و لە ئێستاشدا كورد یەكدەنگ و یەک بڕیار نییە.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی یەكێتی، حكوومەتی هەرێم ئامادە نییە كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، یەكێتیش ناتوانێت بەتەنها هەنگاو بنێت بەئاراستەی چارەسەر كردنی كێشەكانی كەركووک و هەر هەنگاوێكیشی بەو ئاراستەیە، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت.
دەشڵێت: "حكوومەتی عێراقی ئامادەیە بارودۆخی ناوچە دابڕێندراوەكان ئاسایی بكرێتەوە و دۆسیەی ئەمنیش بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بەڕێوە ببرێن".
هەر لەو بارەیەوە، عەلی محەمەد لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی، بە SNNی ڕاگەیاند: لەسەر بارودۆخی ئەمنی و ژووری ئۆپەراسیۆن، حكوومەتی عێراقی ئامادەیە هەماهەنگی بكات، بەڵام تا ئێستا پارتی بۆ ئەو مەبەستە نەهاتۆتە پێشەوە، كە وەزارەتی پێشمەرگە لە لای ئەوانە.
داواشی كرد یەكێتی دوا مۆڵەت بداتە پارتی و لەوەش زیاتر بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركووک، چاوەڕوانی ئەو حزبە نەكات، بەڵكوو دەستپێشخەر بێت و ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بە هاوبەشی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی پێكبهێنێت.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment