بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دکتور حەسەن ڕۆحانی دوانیوەڕۆی ئەوڕۆ یەکشەممە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە لەگەڵ ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرانسە قسەی کرد و وتی: بڕیاری کۆماری ئیسلامیی ئێران دامەزراندنی پێوەندییێکی جێگیر لەگەڵ وڵاتی فەرانسەیە و ئامادەیە لە هەموو بوارەکانی ئابووری، فەرهەنگی و سیاسییەوە ڕاوێژ و هاوکاریی لەگەڵ بکات.
سەرۆککۆمار پاشان ئاماژەی بە بابەتی بەرجام کرد و وێڕای سوپاسی هەڵوێستی ئەو وڵاتە لەبارەی بەرجامەوە دەریبڕی: تاران تا ئەو کاتەی لایەنی بەرامبەری ناوەرۆکی بەرجام جێبەجێ بکات لەسەر بەڵێنەکانی خۆی دەمێنێتەوە.
هەروەها ئاماژەشی کردە هەندێک مقۆمقۆ سەبارەت بە دانوستانی تەواوکەری بەرجام و ڕایگەیاند: ٧ وڵات پێکەوە دانیشتوون و لەسەر بابەتێک ڕێککەوتوون و ئەنجومەنی ئاسایشیش پشتڕاستی کردۆتەوە و ئێستا ئێران بە تەواوی لەسەر بەڵێنەکانی خۆیەتی، بەڵام بەداخەوە ئەمریکا بەردەوام خەریکە بەربەست لەسەر ئەم ڕێگایە درووست دەکات.
پاشان سەرکۆماری وڵات باسی لە گفتوگۆ و هاوکاریی ئێران و ئەورووپا لە بواری پرس و بابەتە هەرێمییەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە بەرنگار بوونەوەی تیرۆر و یارمەتیی خەڵک لەو بابەتانەن کە ئێران ئامادەیە هاوکاریی وڵاتانی ئەورووپی بکات.
لە درێژەی وتەکانیدا ڕۆحانی باسی لە یەمەن و لوبنانیش کرد و پاش ئەوە ئاماژەی کردە سەفەری ئیمانۆئێل ماکرۆن بۆ تاران و وتی: پێشوازی لەم سەفەرە دەکەین و بڕوامان وایە هاوکاریی دوولایەنەی تاران و پاریس دەتوانێت لەسەر پرسە هەرێمی و نێونەتەوەییەکاندا کاریگەریی هەبێت.
لای خۆشیەوە ئیۆن سەرکۆماری فەرانسە باسی لەوە کرد بەنیازە لەگەڵ ئێران پێوەندییێکی ڕوون و بەهێز و جێگر دامەزرێنێت و وتی: پاریس هەموو هەوڵی خۆی بۆ بەرگری لە بەرجام داوە و ئەمەش هێڵ و ڕێبازی ڕوون و ئاشکرای فەرانسەیە.
ماکرۆن ئاماژەی بەوەش کرد ئێران و فەرانسە ئەرکێکی قورسیان لە ناوچەکەدا هەیە و هاوکاریی ئەم دوو وڵاتە بەتایبەت لە سووریا و لوبنان پێویستە.
جەختیشی لەوە کردەوە: هەمیشە وتوومانە ئێمە نامانهەوێ دانوستانی نوێ لەبارەی بەرجام بکەین بەڵام لە دیکەی بوارەکاندا پێمان خۆشە گفتوگۆ بکەین.
سەرکۆماری فەرانسە هیوای خواست بە زووترین کات بتوانێت سەردانی تاران بکات و لەگەڵ بەرپرس و کاربەدەستانی وڵات گفتوگۆ بکات.
لە کۆتاییدا هەردوو لایەن لەسەر پێویستی دامەزرانی ئارامی و ئاسایش لە سووریا جەختیان کردەوە و بۆ دەسپێکی هەڵمەتێکی چەن لایەنە لەمبارەوە ئامادەبوونی خۆیان ڕاگەیاند.
سەرچاوە: بنکەی ڕاگەیاندنی سەرۆککۆمار
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment