پشكی راستەقینەی هەرێم لە بودجەی عێراق ئاشكرا دەكرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پشكی كورد لە بودجەی ئەمساڵی عێراق ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: ئەو پارەیەی وەك بودجەی هەرێم دیاریكراوە، بەشی پێدانی موچەی چوار مانگی فەرمانبەران ناكات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولعەزیز حەسەن، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی راگەیاند: بەپێی یاسای بودجە، حكوومەتی عێراق دوای دەركردنی خەرجی سیادی و حاكیمە، پشكی كورد دەدات، كە ئەویش ناگاتە 6%ی كۆی داهاتی عێراق.

وتیشی: "لەدوای شەڕی داعش، حكوومەتی عێراق خەرجی سیادیی زیادكردووە، تەنیا لەبەر ئەوەی پشكی كورد كەمتر بكاتەوە و هەرێم بخنكێنێت و ئەو كیانەی هەیەتی نەیهێڵێت".

سەبارەت بە چۆنیەتی جیاكردنەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق، عەبدولعەزیز حەسەن وتی: "لەپێش شەڕی داعش، خەرجی سیادی كە سێ سەرۆكایەتییەكە و دامەزراوەكانیان و بودجەی وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوە ئەمنییەكان و دەزگای هەڵبژاردن دەگرێتەوە، رێژەی 12%ی كۆی داهاتی عێراق بوو، بەڵام لەكاتی شەڕی داعش رێژەكە بۆ 25% زیادكرا و ئێستاش گەیشتۆتە 39%ی كۆی داهاتی عێراق".

وتیشی: "خەرجی حاكیمەش كە دەرمان و خۆراك دەگرێتەوە ئەویش لە كۆی داهاتی گشتی عێراق دەردەكرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە ناكاتە 55%ی داهاتی عێراق، پشكی 12%ی هەرێم لەو (55%)ە دەدرێت كە دەمێنێتەوە".

بەوتەی ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، "ئەو پارەیەی عێراق وەك پشكی هەرێم لەبودجەی 2018 دیاریی كردووە، ناكاتە چوار موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم، بۆیە پێویستە هەموو هێزە سیاسییەكان بڕیاری خۆیان بدەن، چوونكە بەپێی یاساكە ناتوانرێت موچەی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت".

News Code 12195

Your Comment

You are replying to: .
captcha