عەفرین بنبەستی سوپای تورکیا

بەشی سووریا- سوپای تورکیا تەنیا ٥ کیلۆمەتر چۆتە ناو کانتۆنی عەفرین و ئەمەش بۆ تورکیا و هاوپەیمانەکانی سەرکەوتنێکی ئەوتۆ هەژمار ناکرێت.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری کوردپرێس لە سووریا، سوپای تورکیا و گرووپەکانی سەر بەو سوپایە هێشتاکە نەیانتوانیوە سەرکەوتنێکی ئەوتۆ لە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتووندا مسۆگەر بکەن و لە ئێستادا سێ میحوەری بلبلە، ڕاجۆ و جندرێس شوێنی سەرەکیی پێکدادانی توندی دوو لایەنەکەیە. بەپێی زانیارییە مەیدانییەکانی کوردپرێس سوپای تورکیا و گرووپە توندئاژۆ هاوپەیمانەکانی توانیویانە لە دوو بەرەی ڕاجۆ و جندرێسەوە ٥ کیلۆمەتر بچنە ناو خاکی سووریا و هەروەها دوو میحوەری بلبلە و ڕاجۆ پێکەوە بلکێنن. لە بلبلەش تورکیا و هاوپەیمانەکانی ٣ کیلۆمەتر پێشڕەوییان کردووە و ناوەندی ناوچەی بلبلەیان داگیر کردووە.

بە گوێرەی راپۆرتی هەواڵنێری کوردپرێس لە بەرەکانی شەڕەوە، ژمارەی هێزە کوردەکان لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە بەرچاو نییە و لە بەرامبەردا ژمارەی هێزەکانی تورکیا ئێجگار زۆرە. سەرحەد عەفرینی لە فەرماندەکانی یەپەگە لە میحوەری جندرێس لەمبارەوە لە وەڵامی هەواڵنێری کوردپرێسدا دەڵێت: ئێمە بە شەڕی پارتیزانی وەڵامیان دەدەینەوە. ئەوان شەڕی پارە دەکەن بەڵام ئێمە بەرگری لە خاکی خۆمان دەکەین.

شیاوی ئاماژەیە ئەو ناوچانەی ناویانهاتووە سیفری مەرزین و لە ڕوانگەی سەربازییەوە دیارە تورکیا سەرکەوتنێکی وەهای دەست نەکەوتووە.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 12093

Your Comment

You are replying to: .
captcha