بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی دانیشتنەکەیان کردووە و لە دوای دانیشتنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایانگەیاند؛ پڕۆژەیاساکە رەت دەکەنەوە.
سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان دژی ئەو رەشنووسەی پڕۆژەیاسای بودجەن، کە پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجەدا بۆ 12.6% کەم کردووەتەوە، لە کاتێکدا کورد داوای لە 17% دەکات.
هەرچەندە بڕیار بوو رۆژی چوارشەممە پەرلەمان خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2018 ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی بەدی نەهاتنی رێژەی یاسایی کۆبوونەوەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
ئارێز عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند سوور بوونی بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان لەسەر تێپەڕاندنی بودجە بەو شێوەیە و پشتگوێ خستنی داخوازییە رەواکانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەنجامی باشی نابێت.
ناوبراو گوتیشی: بۆیە جیا لە بایکۆت کردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەبێت بیر لە بایکۆت کردنی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بکەینەوە، چوونکە کێشەکە ئەوەیە تاوەکوو ئێستا عەبادی ئامادە نییە گۆڕانکاری لە پڕۆژەیاسایەکەدا بکات، ئەگەر حکوومەتیش گۆڕانکاری تێدا نەکات، ئێمە لە پەرلەمان ناتوانین هیچ کارێک بکەین.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەلیم جبووری دوێنێ داوای لە سەرجەم پەرلەمانتاران کرد بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2018 ئامادەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بن.
هاوکات بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند رێککەوتنێکی سەرەتایی سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان هەیە و پێشنیاز کراوە لە بودجەی 2018 بگوترێ دەبێ خەرجی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێن.
ئەحمەد حاجی رەشید دەڵێت: "لە نێو لیژنەی دارایی پەرلەمان رێککەوتنێکی سەرەتایی سەبارەت بە پشکی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2018 هەیە و پێشنیاز کراوە پشکی هەرێمی کوردستان لەو بودجەیە دیار نەکرێت.
ناوبراو گوتیشی: بەپێی پێشنیازەکە دەبێ لە بودجەی 2018ی عێراق بگوترێ دەبێ خەرجی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێن، بۆ خستنەڕووی ئەم پێشنیازەش لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا گەیشتووینەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکراشی کرد: ئەو پێشنیازە رەزامەندی لایەنی پەیوەندیداری دیکەی بۆ وەرگیراوە، بەڵام پێویستە حکوومەتی عێراق پەسندی بکات بۆ ئەوەی لە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2018 جێگیر بکرێت.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ئەحمەدی حاجی رەشید بە کۆبوونەوەیێکی ئاسایی ناوبرد و گوتی: لەگەڵ سەرۆک کۆمار کۆ بوومەوە و ئاگاداری وردەکاری بودجەن و بڕیارە کاژێر 5 ی ئێوارەی ئەمڕۆ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە بارەی بودجەی 2018 کۆ ببنەوە.
هەر لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، قەزاکانی تەلەعفەر، عەیازییە و بەعاجی لە نەینەوا و قەزاکانی قائیم، عانەو راوەی لە ئەنبار بە ناوچەی وێران ناسێندران.
سەرچاوە: ڕووداو
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment