کورد عه‌فرین ته‌سلیمی تورکیا ناکات

به‌شی جیهان- غه‌ریب حه‌سۆ هاوسه‌رۆکی کۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی فیدراسیۆنی باکووری سووریا ده‌ڵێت: به‌ تێپه‌ڕبوونی 40 ڕۆژ له‌ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی تورکیا له‌ عه‌فرین، خۆڕاگرییه‌کان له‌و ناوچه‌یه‌دا‌ به‌رده‌وامه‌ و کورد عه‌فرین ته‌سلیمی تورکیا ناکات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، غه‌ریب حه‌سۆ هاوسه‌رۆکی کۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی فیدراسیۆنی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری باکووری سووریا بۆ هه‌واڵده‌ریی سپۆتنیکی وت: کورده‌کان به‌ توندی به‌رانبه‌ر هێرشی تورکیا بۆ عه‌فرین خۆڕاگری ده‌که‌ن و به‌ تێپه‌ڕبوونی 40 ڕۆژ له‌ ده‌ست‌پێکردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ به‌ هیچ له‌ونێک ئاماده‌ نین عه‌فرین ته‌سلیمی هێزه‌کانی تورکیا بکه‌ن.

ناوبراو زیادی کرد: ئه‌مڕۆکه‌ عه‌فرین به‌رخۆدانێکی گه‌وره‌ی له‌ خۆ نیشان داوه‌. سه‌ره‌ڕای ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی و چه‌ک و چۆڵی سه‌ربازیی سوپای تورکیا به‌رخۆدانی کورده‌کان درێژه‌ی هه‌یه‌ و ڕێگا ناده‌ن هێزه‌کانی تورکیا به‌ره‌و ناوه‌ندی عه‌فرین به‌ره‌وپێش بچن.

غه‌ریب حه‌سۆ که‌ له‌ ئێزدییه‌کانی عه‌فرینه‌، زیادی کرد: پێش هێرشی تورکیا بۆ عه‌فرین هه‌موو قه‌وم و پێکهاته‌کان له‌ ئاشتیدا پێکه‌وه‌ ده‌ژیان. ئێمه‌ هیچ چاره‌یێکمان نییه‌ جگه له‌ خۆڕاگری.

ناوبراو هێرشی تورکیای بۆ عه‌فرین داگیرکاری زانی و وتی: تیرۆریسته‌کانیش له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا یارمه‌تیی تورکیا ده‌ده‌ن.

غه‌ریب حه‌سۆ نازانێت بۆچی ڕووسیا ڕێگری له‌ هێرشی تورکیا ناگرێت. ناوبراو ده‌ڵێت ڕووسیا ته‌نها وڵاتێکه‌ که‌ ده‌توانیت ڕێگری بکات له‌ درێژه‌ی هێرشی تورکیا بۆ عه‌فرین.

ناوبراو جه‌ختی کرد که‌ کورده‌کان دژی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان تورکیا و ڕووسیا نین به‌ڵام بۆچی خه‌ڵکی عه‌فرین ده‌بێ ببنه‌ قوربانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 12054

Your Comment

You are replying to: .
captcha