کوردپرێس- هەواڵنێری نێردراوی کوردپرێس بۆ عەفرین دەڵێت 39 ڕۆژ پاش دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا و گووپی توندڕەوی سەر بەو سوپایە لە کانتۆنی عەفرین بەرخۆدانێکی بوێرانە و دژواری هێزی کورد لە بەرانبەر دووهەم ئەرتەشی ناتۆ بینراوە. بەشێکی ئەو بەرخۆدانە پەیوەستە بە ئیرادەی خۆڕاگری لە بەرانبەر چاوچنۆکیی تورکیا و بەشێکی دیکەشی دەگەڕێتەوە بۆ تاکتیکی بەرگریی نایەکسانی هێزی کورد لە بەرانبەر هێرشی بێ بەینی توندڕەوەکان و بەشێکی گرینگتریشی پەیوەستە بە کۆریدۆرێکی حەیاتی کە یارمەتی و هێزی بەگوڕی کورد دەگەیەنێتە عەفرین.
پاش ئەوەی ساڵی 2016 سوپای تورکیا جرابلۆسی داگیر کرد هێزی بەرەو باب جووڵە پێکرد و ئەو ناوچەیەشی کۆنتڕۆڵ کرد سوپای سووریا بە مەبەستی وەستاندنی پێشڕەویی تورکیا جووڵەیێکی فراوانی لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرنشینی باب و ناوچەی تەلڕەفعەت دەست پێکرد و توانیی ئەو ناوچانە لە داعش پاک بکاتەوە. دوو ئامانجی سەرەکیی سووریا لەو هەنگاوەی خۆی ئەمانە بوون: یەکەم ئەوەی ڕێگری بکات لە پێشڕەویی تورکیا بەرەو ڕۆژهەڵاتی سووریا و دووهەم ئەوەی جووڵەی کورد بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و هاوپەیمانیی دژە داعش بەرەو ناوچەی مەرکەزیی سووریا بوەستێنێت.
بەڵام مێژووی ئەو کۆریدۆرە تەنها بۆ شەڕی عەفرین ناگەڕێتەوە بەڵکوو کورد پێشتریش چاوەڕوانی ئەوەی کردبوو کە تورکیا هێرش دەکاتە سەر عەفرین و هەر بەو بۆنەشەوە پێشتر لەو بارەیەوە لەگەڵ دەوڵەتی سووریا دانووستانیان کردبوو.
ئەوەی لە ماوەی ئەم چل ڕۆژەدا بینراوە ئەوەیە گرووی ناسەربازی و مەدەنی وەکوو کاروانی ناڕازییان لە ناوچەکەدا بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە هێرشەکەی تورکیا بۆ عەفرین دەرکەوتوون و لە ڕاستیدا ئەوەش دەلالەتە لە سەر هاوکاریی هێزی کورد لەگەڵ دەوڵەتی سووریا.
سیپان حەمۆ فەرماندەیێکی باڵای یەپەگە لەو بارەیەوە وتوویەتی هیچ جۆرە چەکێک لەو کۆریدۆرەوە بەرەو عەفرین نانێردرێت و تەنها دەوڵەتی دیمەش ڕێگە بە تێپەڕینی هێز لەو کۆریدۆرەوە دەدات. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو کۆریدۆرە هەناسەی هێزی کورد دەبووژێنێتەوە و داهاتووی شەڕی عەفرین بەستراوە بە نەکەوتنی ئەو کۆریدۆرە.
Your Comment