بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئایەتوڵڵا سەید محەمەد حسێن شاهروودی لە کۆڕبەندی دەوری زانایانی ئایینی لە یەکێتیی ئیسلامی کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ناوەندی گەورەی ئیسلامیی سنە بەڕێوەچوو باسی لەوە کرد زانایانی ئایینی بانگەشەکاری یەکێتین و وتیشی: زانایانی ئایینی دەبێ لە هەموو جیهاندا لە پێشەوەی ڕێبازی یەکێتیی ئیسلامی بن.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە قورئانی پیرۆزدا یەکێتی وەکوو نیعمەتێکی گەورە هەژمار کراوە و موسوڵمانان بە دوورەپەرێزی لە ناکۆکی و دووبەرەکی ڕاسپێردراون و دەریبڕی: خوای پەروەردگار چەندین جار لە قورئانی پیرۆزدا فەرمانی بە یەکێتی داوە و هۆشداری داوە سەبارەت بە دووبەرەکی و ناکۆکی.
نوێنەری وەلیی فەقێ لە پارێزگا باسی لەوەش کرد کە ئاسایش، ئاوەدانی و پێشڕەوتی فەرهەنگی و سەربەرزیی وڵاتانی ئیسلامی هەموو لە گرێوی یەکێتیی ئیسلامیدان.
ئایەتوڵڵا شاهروودی زیاتر وتیشی: ئێمە خوا و پێغەمبەر و قیبلە و کتێب و ئامانجمان یەکێکە و هەر بۆیەش پێویستە خۆمان لە دووفاقی لابدەین و لەسەر خاڵە هاوبەشەکانمان تەرکیز بکەینەوە چوونکە ناکۆکیی ئێمە هیچ بەرهەمێکی نابێت مەگەر لاوازی و لەناوچوونی خۆمان.
وتیشی موسوڵمانان لە ڕوانگەی بیر و هۆشەوە هیچیان کەم نییە بەڵام بەهۆی نەبوونی یەکێتی لە ناویاندا ناتوانن لە خۆیان بەرگری بکەن و هەربۆیەش حەزرەتی ئیمام خومەینی (ره) یەکێتیی وەکوو دروشمی خۆی دانابوو تا لە سێبەریدا وڵاتانی ئیسلامی لە جیهاندا سەربەرز بن.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێبەری باڵای وڵات سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئەهلی سوننە و بێحورمەتی بە ژنانی پێغەمبەری بە حەرام داناوە و پاشان ڕوونی کردەوە: دەبێ لە ڕێوڕەسم و ئاهەنگی جۆراوجۆردا باسی یەکێتی بکرێت تا وەکوو نیعمەتێکی گەورە لە بیدا بمێنێتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment